سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:هێرشەکانی سەر هەولێر بێ هۆکارن و نابێت بێ وەڵام بمێننەوە

دوێنێ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا؛ لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران، هێرشەکەی سەر هەولێری بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناوبرد و گوتی: “لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە”.
مەسرور بارزانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، گوتی، “ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە”. جەختیشی کردەوە، “ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین؛ بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە”.
مەسرور بارزانی، دەستخۆشی لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد “یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین”.
دواتر، مەسرور بارزانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوناییەکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە:
_ ئەمەریکا هۆکارە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردستان؟
مەسرور بارزانی: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هاتوون. هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر ناوچەکە هێشتا بەردەوامە. ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر شاری هەولێر بێ پاساو و بنەمایە. ئێمە پێویستیمان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنینەوە.
_ هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی هێرشەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەسرور بارزانی: ئێمە هەندێک دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە. بێگومان ئەم پرسە باس دەکرێت و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو دیدارەکان ئەنجام دەدەین؛ دواتر بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان دەبێت لەسەر ئەوەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە چۆن دەبێت.
_ هەڵوێستی حکوومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەسرور بارزانی: حکوومەتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێندراوە. لیژنەکە لە هەولێرە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات. چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.
هیوادارین هەڵوێستی حکوومەتی عێراق تەنها بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەهێت و، هەڵوێستی جیددی وەربگیرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەم جۆرە هێرشانە نەکرێنە سەر خاک و سەروەری عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان.
_ پێتوایە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وایکردووە ئێران بەردەوام کوردستان بکاتە ئامانج؟
مەسرور بارزانی: ئەوەی ئێمە تووشی سەرسووڕمانمان دەکات ئێمە بەشێک نین لە ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێر و، خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج؟
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئێمە نازانین هۆکاری پشت ئەم هێرشانە چین. هەرێمی کوردستان شوێنێکە خزمەتی ئاشتی دەکات و چاومان لەوەیە هەرێمەکەمان بەرەوە پێشەوە ببەین. هیوادارین حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بکەن.
_ بۆچی ئێران وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی کوردستان دەکاتە ئامانج؟
مەسرور بارزانی: ئەمە بۆ ئێمەش جێگەی پرسیارە. ئەوانەی کراونەتە ئامانج، بەهیچ جۆرێک تێکەڵاوی هیچ کارێکی سیاسی یان سەربازی نەبوون. تەنها کاسب و بازرگانی سەرکەوتووبوون کە توانیویانە زیاتر خزمەتی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەن. ئێمە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرشانە دەکەین. بەتایبەت کە دژ بە خەڵکی سڤیل دەکرێت. دەبێت لەو لایەنانە بپرسن کە بۆ خەڵکی سڤیلی بێ دەسەڵاتی بێ تاوان دەکەنە ئامانج نەک لە من.

ھەواڵی زیاتر