شۆڕش غەفووری – داڤۆس
ئەمساڵ، 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە گوندی داڤۆسی وڵاتی سویسرا بەڕێوە دەچێت. كۆڕبەندەكە، لە ژێر دامەزراوەی بنیاتنانەوەی متمانە و لە ڕۆژانی 15 تا 19 ئەم مانگە و بە ئامادەبوونی نوێنەری زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان بەڕێوە دەشێت کە چەندین سەرۆک و وەزیری وڵاتانی زلهێزی تێدا بەشدارن.
ئێوارەیدوێنێ، كۆڕبەندەكە کرایەوە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی یاوەری كە لە (سەفین دزەیی) سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و (دكتۆر محەمەد شوكری) سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان پێك هاتوون، بەشداری کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس دەكات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بەدەر لە بەشداربوونی چالاكانە لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس و كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیهان، چەندین خاوەن كار و بزنسكاریش دەبینێت.
تەوەر و پرسی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیران، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەیە لە هەرسێ بواری دیپلۆماسی و ئابووری و وەبەرهێنان و بەشداری پانێڵێکیش دەكات کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هۆڵی كۆڕبەندەكە، (ماڵی كوردستان ـ KURDISH HOUSE) دەكاتەوە كە یەكەم جارە لەو كۆڕبەندە دادەمەزرێت و هاوشێوەی ماڵەكانی دیكەی وڵاتان، لە ماڵی كوردستان بەدەر لە كۆبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان، كلتووری كوردی نیشان دەدرێت و چای گەرمی كوردیش لەگەڵ شەوچەرە پێشكەش بە بەشداربووان و میوانان و سەردانكەرە بیانییەكان دەكرێت.
بەدەر لە بەشداری سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، زیاتر لە 11 وەبەرهێنەری كوردستان بۆ یەكەم جار بانگهێشتی كوردش هاوس دەكرێن بۆ ئەوەی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنیان هەبێت لەگەڵ خاوەن كۆمپانیا و بزنسكارەكانی دونیا بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی وڵاتان بهێننە كوردستان و وەبەرهێنان بكەن لە بوارە جیاوازەكان.
سەرۆكوەزیران، هەر لە سویسرا چاوی بە محەمەد شەیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەوێت و چەندین پرسی پەیوەندی و ئابووری تاوتوێ دەكەن و لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە سوودانیش سەردانی ماڵی كوردستان بكات كە تەنیا ماڵێكە لە عێراقەوە بەشداری كۆڕبەندی داڤۆسە.
ئەمساڵ ساڵێكی هەستیارە بۆ هەموو دونیا و تەنگەژە و ململانێی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و دونیا زیاتر پەرەی سەندووە و هەتا دێت زیاتریش دەبێت. بۆیە وڵاتی سویسرا كە كۆڕبەندی داڤۆس بەڕێوە دەبات و ڕاستەوخۆ 12 دانیشتن پەخش دەكرێت لە میدیاكان، بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆڕبەندەكەش پەرلەمانی ئەو وڵاتە 5.5 ملیۆن فڕانكی تەرخان كردووە و كۆڕبەندەكە بە پێنج هەزار هێزی ئەمنی، لە ئەرز و ئاسمان دەپارێزێت و ناوونیشانی كۆڕبیەندەكەشی كردووەتە (بنیاتنانەوەی متمانە) كە چەندین تەوەری تایبەت بە وزە و سیستەمی بانکی و ژیری دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسی و ئابووری لێ بەڕێوەچێت.