كوردستان تی ڤی”25″ساڵ پابەندبوون و متمانە

سـەروەت محـەمەد

كەناڵی ئاسمانی كوردستان تی ڤی بەر لە 25 ساڵ بە بڕیارو ڕێنوێنی (سەرۆك بارزانی) دامەزرا، وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانیی كوردستان جێ دەستی ڕوون و كاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی كاری مێدیاییدا و توانی بە بەرنامە و پلانێكی ڕێكوپێك و بە پرۆسەیەكی خەمخۆرانەو بێسرەوتن هەنگاوی گرنگ بنێ و قۆناغێكی نوێ لە كاروانی بواری مێدیایی لە هەرێمی كوردستان بخاتە سەر گەنجینەی مێدیای كوردی و بەرەو پێشەوەی ببات.
كوردستان تی ڤی توانیویەتی كوردانەو پیشەوەرانەش پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكەی بە جوانترین شێوە پیادە بكات و بەبێ جیاوازی هەواڵ و ڕووداوەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ڕووماڵ بكات، بەمەش ببێتە تاكە كەناڵی گشت هاونیشتمانیانی خۆشەویست و مایەی شانازی و رەزامەندی بینەرانی بێت لەكوردستاندا.
بەدرێژایی زیاتر لە دوو دەیەی تەمەنی هەمیشە داهێنەر و رچەشكێن و نوێگەر بووە، شاشەی هەواڵ و بەرنامەی سەنگین و كانیاوی سازگاری هونەر و ئەدەب و میوزیك و دراما و قوتابخانەی پیشەگەری و بەرپرسیارێتی و پاڵپشتی نەبەردییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بووە لە بەرەکانی جەنگدا.
ڕۆڵ و كاریگەری مێدیا لەو ڕەوشە قەیراناویەی ئەمڕۆدا زۆر هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش مێدیای بینراو، دیارە لەو ڕووەوەش كوردستان تی ڤی هەمیشە شانبەشانی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەماوەری گەلەكەمان وێرای كێشەو كەموكوڕیەكان هەردەم لە سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگری و داكۆكیكردندا بووەو لەخۆبوردووانە و بوێرانە بە ئەركی پیرۆزی خۆی هەستاوەو لەو پێناوەشدا قوربانی و چەندین شەهیدی بەخشیووە.
باڵادەستیی ئەم كەناڵە قەشەنگە لەبواری مێدیاو ڕاگەیاندندا و ناوازەیی لە ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەی كوردی بەجوانترین شێواز و خزمەتكردنی هەموو چین و توێژەكان و لانەدان لە بەها جوانەكانی ئیتیكی ڕۆژنامەوانی، بەتەواوەتی دەریدەخات كە خاوەن مۆرك و سیمای ناوازەی تایبەت بەخۆیەتی، بۆیە كوردستان تی ڤی بە كەناڵی دایك‌ ناوی دەبرێت.
كوردستان تی ڤی شانازیی مێدیایەكی سەنگین و بەرپرسیار و ڕاستگۆ و خزمەتگوزاری پێبڕاوەو كاری پرۆفیشناڵی و ئاكاری ڕۆژنامەنووسی و نەتەوەیی و نیشتمانی، خەسڵەتی كوردستان تی ڤی هێڵی جیاكەرەوەیەتی لە مێدیاكانی دیكە،لە ماوەی ڕابردوودا وەك یەكێك لە كەناڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبواری فەرهەنگی و رۆشنبیری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و سیاسیدا خزمەتێكی بەرچاوی بە كۆمەڵی كوردەواری كردووە و ڕۆڵێكی باشی بینی لە پەروەردەكردنی كادری ڕاگەیاندن و لە ئێستاشدا جێبەنچەی دیارە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی و بەمەش بووە قوتابخانەیەك بۆ كەناڵەكانی دوای خۆی.
كوردستان تی ڤی نەك تەنها لەپێگەیاندنی كادری ڕاگەیاندن پێشەنگ بووە، بەڵكو بەداهێنانە نوێیەكانی و بەرنامە كۆمەڵایەتی و فێركارییەكانیشی پێشەنگی كەناڵە كوردییەكان بووەو لەڕابردوودا دەستێكی باڵای هەبووە لەهاندانی خەڵك بۆ پاراستنی ژینگەو پێشمەرگە ئاسا كاریكردووە تاهەستی نەتەوایەتی لای گەنج و لاوانی كورد بەهێزتر بكات.