كارزان گلی – ههولێر
رۆژی شەممە 13ی 1ی 2024، تایوان چووە ناو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز، كە پارتی پێشكەتنی دیموكراتی (DPP)، توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و سەرۆكی ئەو پارتەش ویلیام لای چینگتە، دەبێتە سەرۆكی تازەی تایوان. ئەوەی بووەتە مایەی قسەباس و شڕۆڤەی ئەو هەڵبژاردنە، ویلیام، كەسێكە داوای سەربەخۆیی تایوان دەكات و لەكاتی پروپاگندەشدا كەسێكی داكۆكیكاری سەربەخۆیی بووە، بۆیە گەلی تایوان لەسەر سندوقی دەنگدان متمانەیان پێیدا.
پەكین، ویلیامی وەكوو بەڵایەكی گەورە وەسف كرد، هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنیشەوە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەبوو نەتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، هۆكارەكەشی روونە، ئەو پشتگیری لە سەربەخۆیی تایوان دەكات، چینیش حوكومەتێكی دەوێت كە سەر بە پەكین بێت و لەژێر فەرمانەكانی ئەودا بێت، دەكرێت بڵێین وەكوو نموونەی قوبرس بێت، كە بەبێ توركیا هیچ هەنگاوێك نانێت.
ویلیام لای، دوای ئەوەی توانی سەركەوێت، لە وتارێكدا گوتی: ”پێویست ناكات ئێمە سەربەخۆیی رابگەیەنین، چونكە هەرخۆی تایوان سەربەخۆیە و خاوەن سەروەرییە“ هەروەها تایوانی وەكوو كۆماری تایوان ناو برد.
چین، پێیوایە تایوان بۆ ئەوان زۆر پیرۆزە، چونكە دوورگەیەكی سەر بە چینە و لێیان دابڕێندراوە، هەوڵ دەدەن تایوان بخەنەوە ژێر ركێفی خۆیان، بۆیە رەنگە لەسەردەمی ویلیام لایدا، پەیوەندی نێوان چین و تایوان زۆر خراپ بێت و دوور نییە بگاتە ئاستی پێكدادان.
حكوومەتی پەكین، چەندین جار داوای لە دەنگدەری تایوان كرد، بەهیچ شێوەیەك دەنگ بە (DPP) نەدەن، بەڵام بانگەواز و هەوڵەكانی چین هیچ سوودێكی نەبوو و دەنگدەری دەنگی بەو پارتەدا و 46%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، چونكە دروشمی سەربەخۆییبوونی تایوانی بەرز كردبووەوە.
هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لە سەردەمی ویلیام لایدا، رەنگە زۆر گۆڕانكاری روو بدات، هەروەها رەنگە ناكۆكی چین و تایوان زۆر تەشەنە بستێنێت و هەروەها دوور نییە رووداوی زۆر مەترسیدار بێتە ئارەوە.
لای لەناو گروپێكی زۆر رادیكاڵی پارتەكەی بووە، كە ئەو گروپە داكۆكیكارێكی سەرسەختی سەربەخۆیی تایوان بوونە، بۆیە پەكین هیچ كاتێك حەزی بە چارەی نەبووە، هەربۆیە چاوەڕوان ناكرێت هیچ چاوپێكەوتن یان دیالۆكێك لە نێوان چین و تایوان لە سەردەمی لایدا وەكوو سەرۆكی تایوان روو بدات.
لە 2016 بەهۆی ئەوەی سەرۆكی ئەوكاتی تایوان رازی نەبوو تایوان بە چین ببەستێتەوە و داواكاری چینی رەتكردەوە، بۆیە گرژی نێوان تایوان و چین تەشەنەی سەند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەندینجار فڕۆكەكانی چین سنووری تایوانیان ببەزێنن، ئەمەش وەكوو هەڕەشەیەك و ترساندنی ئەو وڵاتە.
چین سەركەوتوو بووە، بەوەی چەندین وڵات رازی بكات كە پەیوەندی لەگەڵ تایواندا نەبەستن، هەروەها چەندین كۆمپانیاشی رازی كردووە كە وەبەرهێنان لە تایواندا نەكەن، بەڵام سەرۆكی تازە لای، وەكوو ئەوەی بەڵێنی دابوو، بودجەیەكی زۆر بۆ كەرتی سەربازی تەرخان دەكات، ئەمەش لەبەر عەزەبی چین، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ژاپۆن و ئەمریكا و ئەورووپاش برەو پێدەدات.
لایەنگرێكی گەنجی سەر بە (DPP) قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) كردووە و دەڵێت: ”دەنگدەر ئەو پەیامەی بە چیندا، كە ئیدی گوێتان پێنادەین و ئاییندەی خۆمان خۆمان دەینووسین و دیاری دەكەین، دەبێت ئەوانەشی دژی سەربەخۆیین فێر بن بێدەنگی هەڵبژێرن.“
هەروەها شوفێرێكی تەكسی لە تایوان، قسەی بۆ (AFP) كردووە، دەڵێت ئێمە سەرۆكی خۆمانمان دیاری كرد، چینیش هەرچی شتێك بكات دەبێت بۆ وڵاتی خۆی بیكات و حەقی بەسەر تایوانەوە نەبێت.
دەشڵێت: ”رۆژێك دێت هەموو وڵاتانی جیهان تایوان وەكوو وەڵاتێكی سەربەخۆ دەناسێنن و رێزیش لە سەروەری تایوان دەگرن.“
هاوكارییەكانی ئەمریكا بەردەوامی دەبێت
ئەمریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەردەوام هاوكاری سەربازی تایوانی كردووە، چینیش لە ترسی ئەمریكایە ناتوانێت هێرش بكاتە سەر تایوان. پارساڵ جۆ بایدن بڕیاریدا كە 345 ملیۆن دۆلار وەكوو هاوكاری سەربازی بداتە تایوان و چەندین سەربازیشی لەوێ جێگیر كردووە و چەندین چەكی قورسیشی لەو دوورگەیە جێگیر كردووە.
بۆیە هاوكارییەكانی ئەمریكا لەسەردەمی لایدا بەردەوامی دەبێت و وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، ئەمریكا زیاتر بچێتە ناو دڵی تایوان و تایوانیش ئەمەی قبوڵ بێت، چونكە دەزانێت بەبێ ئەمریكا، پارووریەكی ئاسانە بۆ چین تا قوتی بدات.
بەشێكی زۆری بەرپرسە سەربازییە گەورەكانی ئەمریكا كە خانەنشین بوونە، لە تایوانن و لە ئەگەری هێرشی چین بۆ سەریان لەوێ هاوكاری هێزی تایوان دەكەن.
دەكرێت بڵێین، بردنەوەی (DPP) و بوونی ویلیام لای بە سەرۆكی تایوان، دەرگای چەنگێكی گەورەی كردووەتەوە لە نێوان چین و تایوان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین سیاسەتمەداری چینی هەن، لەگەڵ ئەوەدان دەرگای ئاشتی بەرووی تایواندا بكەنەوە، چونكە چەنگ لە بەرژەوەندی چیندا نابێت.