بمێنەوە

ئازا حەسیب قەرەداخی

بە دوای خەونا
بۆ کوێ دەڕۆی؟
ئەگەر دەچیت بۆ لای کانی
نەکەی، مەڕۆ
لەو دەمەوە لێڵ کراوە
لە داخانا
کانی پرچی ناداتە بەر، تریفەی مانگ
زیخ و چەوی سنگ و مەمکی
ناپرژێنێ
بە بەرامەی گوڵە شەوبۆ
خۆزگەت هەیە
بۆیە دەڕۆی؟
ئەگەر بۆ لای ڕووبار دەچی
چاتر وایە هەرگیز نەچی؟
ڕووبار ئێستا گرژ و مۆنە
چرچ و لۆچی توڕەبوونی شەپۆلانی
لەسەر تەوێڵ هەڵکۆڵیوە
لەو ڕۆژەوەی
ئاوی لێڵبووی، دەڕژێتە سەر
ڕێی گۆڕیوە
تۆ دەتەوێ
لە ژێر ڕێژنەی هیواکانتا
ڕوحت بشۆی
بۆیە دەڕۆی؟
ئەگەر دەچیت بۆ لای هەور
ئەو ڕێگەیە بۆچی دەبڕی؟
بگەڕێوە
هەور ئێستا
ئاڵاوەتە، گڵۆڵەی ئاڵۆزکاوی نەبارینێ
ئەو لە زەوی وا تۆراوە
قەت نایەوێ کەس ببینێ
کەس بیبینێ
بمێنەوە
مەڕۆ و لێرە بمێنەوە
من هەوار و نیشتمانتم
من کانیاوی خەونەکانتم
من ڕووباری خۆزگەکانتم
هەوری هیوای پڕ بارانتم

2/11/2021

ھەواڵی زیاتر