وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن هه‌زار و سێ سه‌د كیلۆمه‌تر ڕێگه‌وبانی نوێیان بنیاتناوه‌

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنەوە ‌و نیشته‌جێكردن ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا هه‌زار و سێ سه‌د كیلۆمه‌تر ڕێگه‌وبانی نوێیان بنیاتناوه‌ و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، زیادتر له‌ چوار سه‌د و چل پڕۆژه‌یان به‌ بڕی نۆ سه‌د ملیار دینار جێبه‌جێ كردووه‌.

١٤ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٤، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا زیادتر له‌ چوار سه‌د و چل پڕۆژه‌یان به‌ گوژمه‌ی نۆ سه‌د ملیار دینار جێبه‌جێ كردووه‌.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا ڕێژه‌ی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان له‌ ١٥ %ه‌وه‌ گه‌یاندووه‌ته‌ ٦٥% و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌زار و سێ سه‌د كیلۆمه‌تر ڕێگه‌وبانی نوێیان بنیاتناوه‌.
له‌باره‌ی ڕێگه‌ی نێوان سلێمانی و ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتی “پڕۆژه‌كه‌ سێ قۆناغه‌ و یه‌كه‌میان بیست و دوو كیلۆمه‌تره‌ و ٩٥%ی ته‌واو بووه‌، قۆناغی دووه‌میشیان ٤٥%ی كاره‌كانی ته‌واوكراوه‌، به‌ڵام قۆناغی سێیه‌م به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ی پێویست، ده‌ستی پێنه‌كراوه‌.
دانا عه‌بدولكه‌ریم باسی له‌وه‌كرد، كه‌ به‌شێك له‌و قیرانه‌ی پێشتر له‌ شه‌قامه‌كان به‌كار هێندراون، كوالێتییان خراپ بووه‌ و هه‌وڵدراوه‌ چاكبكرێنه‌وه‌.
له‌ باره‌ی ڕێژه‌ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ گوتی، “داوامان كردووه‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا به‌ كراوه‌یی نه‌مێنێته‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونی خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كرد، یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان دروستده‌كرێن و كرێنشینان لێی سودمه‌ند ده‌بن، دوای درێژكردنه‌وه‌ی كاتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی سودمه‌ندان، لینكی نوێیان داناوه‌ و ئه‌وانه‌ی پێشتر فۆرمه‌كه‌یان پڕكردووه‌ته‌وه‌ پێویستناكات جارێكی دی پڕی بكه‌نه‌وه‌.