ئیرادەی چارەکردن و قۆناغی ئارامیی ئەمجارە

‎هاودەنگ فارووق

دوابەدوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق، لە چەقی كێشەكانی عێراقدا، هەرێمی كوردستان هۆكاری سەقامگیری و ئۆقرەیی دیمەنی سیاسی و ئەمنیی عێراق بووە. تەنانەت زۆرینەی كابینەكانی حكوومەتی عێراق بە نەخشەڕێگەی هەولێر و لەئامێزی هەرێمی كوردستان و زۆرجاریش ئۆكەی سەری بڵند لەدایك بوون.
هەرێمی كوردستان لە ڕەشترین ڕۆژگارەكانی شەڕی داعشدا، هۆی هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەموو خەڵكی عێراق بووە؛ تەنانەت ئەو كاتەش، كە شەڕی ئابووری لە دژی هەرێمی كوردستان بەرپا كرا، هەرێمی كوردستان هەرگیز دەرگای گفتوگۆ و دانوستانی دانەخست، دەیان جار شاندی هەرێمی كوردستان ڕۆشتنە بەغدا و چەندان ڕێككەوتن ئمیزا كران.
بە درێژایی ساڵانی بڕینی بودجە و مووچەی گەلی كوردستان، هەموو ساڵێك لە كاتی تاوتوێكردنی یاسایی بودجەی عێراق، نوێنەرانی كورد بەوپەڕی هێز و گوڕ وتینەوە بەشداربوون بەهیوای ئەوەی پشكی كوردستان مسۆگەر بكەن، ئەوەش مانای وایە لایەنی كوردی هەمیشە گرەوی لەسەر ئەوە كردووە كە بەغدا مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بكات و چی لە یاسادا هەیە لەو ڕوانگەیەوە لەگەڵیدا مامەڵە بكات.
لە سەردەمی كابینەی نۆدا، دەیان جار شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای كرد، خودی سەرۆكی حكوومەت سەردانی بەغدای كرد و ڕێككەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیمزا كرد، فەرمانیش بەدەزگە تایبەتمەندەكانی هەرێمی كوردستان كرا، كە هەماهەنگی سەد لە سەد بكەن لەگەڵ دەزگەكانی بەغدا بۆ ئەوەی هەرچی زووترە مافە داراییەكانی كوردستان، بەتایبەتی مووچەی مووچەخۆران مسۆگەر بكرێت وهیچ بیانویەك نەمێنێت بۆ بڕینی مووچەی خەڵك.
سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، دووپاتكردنەوەی پەیامی لایەنی كوردی بوو، كە كورد نایەوێت مەسەلەکە بگاتە مریشكە ڕەشە و پێویستە كێشەكانی گەلی كوردستان و بەتایبەت مووچەخۆران چارە بكرێن.
نێچیرڤان بارزانی بەدیدگەیەكی ئەقڵانی و هاوسەنگ و سیاسەتی نەرم و دیبلۆماسیی سەركەوتووانە لەكێشەكان دوا و بەزمانی ئاشكرا گوتی: ژیانی مووچەخۆران كوردستان زۆر خراپە و پێویستە هەرچی زووە كێشەی مووچە چارە بكرێت.
لەدوای ئەو هەموو جوڵە و هەنگاوەی كورد، حكوومەتی عێراق هاتە سەر سكەی چارەکردنی كێشەكان، بەتایبەتی كێشەی مووچەی خەڵكی كوردستان. چاوەڕوان دەكرێت ئەو بڕیارەی بەغدا، تاڕادەیەكی زۆر باش كێرڤی كێشەكان دابەزێنێت و قۆناغێك لە ئارامی و هێورییەك ڕوو لە پەیوەندییەكانی هەرێم و عێراق بكات؛ سەرجەم ئەو بەرەنجامە ئیجابیانەش، لێكەوتەی ڕاستەوخۆ و بێ پێچ و پەنای هەرێمی كوردستانن. بۆیە هەمووان بە هیوایەوە هەنگاوە دیپلۆماتییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن، هەروەك لە مێدیای عێراقی و بیانیشدا، هەوڵ و ئەقڵانییەتی بارزانی، لەچارەکردنی ئەو كیشە ئاڵۆزەدا، لاپەڕەی یەكەم وسەردێڕەكانی گرتبوو .