ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/1/13، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌ه‌كانيدا له به‌غدا، له‌گه‌ڵ خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عێراق كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى سياسى و ئه‌منيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه، هه‌روه‌ها باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى كرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه و ڕێگرى له فراوانبوونى ئاڵۆزييه‌كان. له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران.