سووننە و شیعه‌كان لەسەر كاندیدانی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان ناکۆکن

دانیشتنه‌كانی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی عێراق به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ ده‌ست پێده‌كەنەوە. سووننه‌ و شیعه‌كانیش بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ر كاندیدانی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌یه‌.

دوای نزیكه‌ی 50 رۆژ له‌ پڕنه‌كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی محەممەد حه‌لبووسی، سەرۆکی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق؛ ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، کاتژمێر 03:00ـی دواینیوەڕۆ پەرلەمان ده‌ست به‌ دانیشتنه‌كانی وه‌رزی نوێی به‌ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ ده‌كاته‌وه‌. تاوەكو ئێستاش هێزه‌ سووننه‌كان له‌سه‌ر كاندیده‌كانیان ناكۆكن و ئاماده‌نین سازش بۆ یه‌كدی بکەن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ناوی چەند كاندیدێكی سووننە بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ شەعلان کەریم، کاندیدی حزبی تەقەدووم، سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە، مەحموود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم. بەگوێرەی زانیارییەکان سووننەکان لەسەر هیچ کام لەو کاندیدانە کۆدەنگ نین، بۆیە پێده‌چێت بە دەنگی په‌رله‌مانتاران یەکلایی بكرێته‌وه‌ کێ ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.

ئه‌مه‌ له ‌كاتێكدایه‌ پارتی تەقەدووم رایگه‌یاندووه‌، پێویستە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرژەوەندی پارتی تەقەدووم بێت، چونکە خاوەنی زۆرترین کورسی پێکهاتەی سووننەیە و شوێنگره‌وه‌ی حه‌لبووسی ده‌بێت كاندیدی ئه‌وان بێت.

له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی عێراق، یوسف سه‌بعاوی، په‌رله‌مانتاری سووننه‌ رایگه‌یاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ لێكتێگه‌یشتنی سیاسی له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام پێناچێت پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان به‌دانیشتنێكی په‌رله‌مان به‌رێوه‌بچێت، چونكه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كان یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌رچی هاوپه‌یمانی عه‌زمه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نیا سووننه‌كان له‌سه‌ر شوێنگره‌وه‌ی حه‌لبووسی ناكۆك نین، به‌ڵكو شیعه‌كانیش بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ر كاندیده‌كان هه‌یه‌. فارس ئه‌لفارس سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم ده‌ڵێت، تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ به‌رده‌وامه‌، وه‌ك عه‌زم كاندیدی خۆیان هه‌یه‌ و كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن.