دادوەر ستیڤن شوێبڵ، لە شیکارێکی یاساییی گرنگدا، پشتگیریی تەواوی مافە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز. ئەم بۆچوونەی دادوەر شوێبڵ کە پشتبەستوە بە تێگەیشتنێکی ورد لە یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق، جەخت لەسەر مافی ڕەوا و دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە بۆ بەڕێوبردنی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانی.
شوێبڵ بە وردی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ شی دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە هەرێمەکان، وەکو هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیان هەیە لەڕێی لێلکدانەوەی ماددەکانی ١١٠ و ١١٤ و ١١٥ و ١٢١ ی دەستوور کە بە کۆی گشتی، دەسەڵاتی نەوت و گاز نادات به حکوومەتی فیدراڵی، بەڵکوو ئەم ماددانە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدەن کۆنترۆڵی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ناوچەکانی خۆیان بکەن.
دادوەر شوێبێل شیکارییەکی وردی بۆ بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کردووە کە تیایدا یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ساڵی ٢٠٠٧ ی بە نادەستووری لە قەڵەم دا. دادوەر شوێبڵ دژی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عێراقە و پێی وایە کە حکومەتی هەرێمی مافی دەستووریی خۆیەتی یاسا و ڕێسا بۆ کەرتی نەوت و گاز دابنێت.
دادوەر شوێبڵ هاوڕای بیروبۆچوونەکانی پرۆفیسۆر جەیمس کراوفۆرد-ە لەبارەی مافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی کە بێگومان ئۆتۆنۆمییەکی زیاتر دەبەخشێت بە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا، بۆچوونە یاساییەکانی دادوەر شوێبڵ پشتگیری تەواوە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ حوکمڕانییەکی بەهێز و سەربەخۆ لە بەڕێوبردنی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانیان.
ستیڤن ئێم شوێبڵ یاساناسێکی ئەمریکی و ڕاوێژکار و دادوەرێکی نێودەوڵەتییە. پلە و پۆستی گرنگ و جۆراوجۆری هەبووە، وەک دادوەری دادگای کارگێڕیی بانکی نێودەوڵەتی (٢٠١٠-٢٠١٧)، ئەندامی گرووپی نیشتمانیی ئەمریکا لە دادگای ناوبژیوانیی هەمیشەیی، سەرۆکی دادگای کارگێڕیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (١٩٩٣-٢٠١٠ )، سەرۆکی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٩٧-٢٠٠٠)، جێگری سەرۆکی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٩٤-١٩٩٧)، و دادوەری دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی (١٩٨١-٢٠٠٠).
پێش ئەوەی لە دادگای نێودەوڵەتیدا دەست بەکار بێت، شوێبڵ وەک جێگری ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (١٩٧٤-١٩٨١) کاری کردووە. هەروەها وەک یاریدەدەری ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (١٩٦١-١٩٦٧) کاری کردووە. دادوەر شوێبڵ پرۆفیسۆری یاسا بووە لە سکوڵی یاسای هارڤارد (١٩٥٩-١٩٦١) و زانکۆی جۆنز هۆپکینز (١٩٦٧-١٩٨١).
لێرەدا تەواوی دەقی شیکارییەکەی دادوەر شوێبێل دەخەینەڕوو، بەناونیشانی ”دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر نەوت و گازدا بەپێی دەستووری عێراق“.