ئەمڕۆ پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی تێدەپەڕێت

شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ساڵی ١٨٩٦ لە دەڤەری بارزان لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و ناودار ھاتووەتە دونیا، ھێشتا تەمەنی ٧ ساڵان بوو کە باوکی شێخ محەممەد کۆچی دوایی کرد و برا گەورەکەی شەھید شێخ عەبدولسەلام بارزانی جێگرەوەی باوکی بوو و درێژەی بە خەباتی مرۆڤایەتی و ئۆلی و شۆڕشگێڕی دا.

شێخ ئەحمەد بارزانی، ڕابەرێکی مەزنی شۆڕشگێڕ، تژی لە دادپەروەری و پاراستنی پێکەوەژیان و وەستانەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری بوو. بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە مرۆڤ دەبێت مردنێکی شەڕەفمەندانە ھەڵبژێرێت، نەک ژیانێکی ژێر دەستە.
لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا، دەڤەری بارزان زۆر بەھێز بوو، چاکسازیی کۆمەڵایەتی و زۆر دەستکەوتی دیکە بەدەست ھاتن، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩١٤ شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە لایەن عوسمانیەکان شەھید کرا، شێخ ئەحمەد بارزانی درێژەی بە خەبات و بەردەوامیی بە ڕێبازی بارزان دا؛ ئەو کات تەمەنی شێخ ئەحمەد بارزانی ١٨ ساڵ بوو، سەرباری ئەوەی شێخ ئەو کات لە تەمەنێکی کەمدا بوو، بەڵام گەشەی بە ڕێبازی بارزان و ڕێبازی کوردایەتی دا.
دادپەروەری، یەکسانی، لێبووردەیی، ژینگەدۆستی، ‬سەرشۆڕنەکردن بۆ داگیرکەران و دوژمنانی‮ ‬گەلی‮ ‬کورد، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی‮ ‬پۆڵاین‮، ڕاستی‮ ‬و دروستی، ڕەوشت بەرزی‮ ‬و پێکەوە ژیان بەشێک بوون لە سیفەتە بەرز و تایبەتەکانی شێخ و دوایی ھەموو ئەمانە هەر لە سەردەمی‮ ‬شێخ ئەحمەد بارزانیدا، کران بە‮ ‬یاسا و‮ ‬ڕێسا ‮.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
لە ‬ساڵی ‮ ‬١٩١٩کاتێک شێخ مەحموودی‮ ‬حەفید، لە دژی‮ ‬ئینگلیزەکان دەجەنگا، شێخ ئەحمەد نامەیەکی‮ ‬بۆ سەرۆک ھۆزەکانی‮ ‬بادینان نارد کۆمەڵێک پیاویان کۆکردەوە بە‮ڕابەرایەتیی‮ ‬بارزانیی نەمر‮ ‬بەڕێ کەوتن بۆ پاڵپشتیی ‬شێخ مەحموودی‮ ‬حەفید.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
خودانێ بارزان لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و ئامۆژگارییانەی کە بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان ھەبوو، ھەمیشە و بەردەوام داکۆکیی لەسەر سێ خاڵ دەکردەوە، یەکەمیان ئەوە بوو داوای لە خەڵکەکە دەکرد کە لە ناوخۆیاندا تفاق (یەکگرتوو) بن دەیفەرموو: ئەگەر یەکگرتوو بن دەتوانن بەسەر دوژمنەکانتان سەرکەون، دەتوانن بەسەر ھەموو سەختی و دژواری و ناخۆشییەکاندا زاڵ بن و ژیانێکی سەربەرز و پڕ لە کەرامەت و بەختەوەری بۆ خۆتان و نەوەکانی داھاتوو دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو نەبن ھەموو شتێک لە دەست دەدەن.
دووەمیشیان ئەوە بوو دەیفەرموو: بۆ ئەوەی بتوانن ڕەزامەندیی خودای مەزن بە دەستبێنن و لە دونیا و ئاخرەتیشدا سەربەرز بن، ئەو شتەی بۆ کوڕی خۆتان پێ باشە بۆ کوڕی خەڵکیشتان پێ باش بێ، ئەو شتەی پێتان وایە زەرەری بۆ کوڕی خۆتان تێدا دەبێ بەھەمان شێوە بۆ کوڕی خەڵکیش بە زەرەری بزانن و لێی دوور بکەونەوە.
سێیەمیشیان ئەوە بوو دەیفەرموو: لە نێوان زاڵم و مەزڵومدا ھەمیشە لەگەڵ مەزڵوم بمێننەوە و بەرگریی لێ بکەن و داوای چەسپاندنی حەق و عەدالەت بکەن.
مێژوونووسان و دۆست و ھاوەڵان سەردەمی ڕابەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەسەردەمێکی زێڕین دادەنێن، کە تیایدا دادپەروەری و پێکەوەژیان و چاکسازی زۆر پەرەیان سەند.
شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ڕوانگەی مرۆڤبوون ھەوڵی داوە ڕووحی لێبووردەیی و پێکەوەژیان لەناو خەڵک بەرجەستە بکات.
شێخ ئەحمەد بارزانی، فکر و پەروەردەکەی وای کرد کە خەڵک گوێڕایەڵی بێت ھەتا لەڕووی پەروەردەییەوە توانی خەڵکەکە ئامادە بکات کە چۆن داوای ئازادی و مافەکانیان بکەن و دژی زوڵم و ستەم بوەستێتەوە، ھەر لەسەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانیدا، بایەخی زۆر بە لایەنی ژینگەپارێزی دراوە، کە تا ئێستەش ئەو فەرهەنگە لە دەڤەری بارزان بەردەوامە و پەرەی پێدراوە.
شێخ ئەحمەد بارزانی، دوای شەھیدبوونی براگەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ڕابەرایەتی بزووتنەوەی بارزان دەکەوێتە سەرشانی، ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەم کە لە ئەنجامی ئەم شەڕە جیهانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی کە بزووتنەوەی بارزان تێیکەوت، ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، کەوتە بەردەم گۆڕانی گەورە بەتایبەت لە ڕووی جوگرافی و سیاسی.
کورد و کوردستان لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە زەرەرمەندی سەرەکی بوون، ئەویش بەھۆی پارچەبوونی کوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوار پارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی کەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەکانی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامرکانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باکووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمکۆی شکاک لە خۆرھەڵاتی کوردستان.
لەم ھەلومەرجەدا بارزان، بەڕابەرایەتیی شێخ ئەحمەد بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی کە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و زوڵم و ستەمی دوژمنانی کورد و کوردستان تێی کەوتبوو، لە ھەمانکاتدا بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان.
ڕۆڵی ڕوحانییەتی شێخ ئەحمەد بارزانی بوو بە ناوەندێکی بەھێزی ئیلهام بەخش بۆ شۆڕشگێرانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە بارزان ھەمیشە ببێتە کەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە قۆناغە سەختەکانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی ڕەوشتبەرزی، لێبوردەیی و یەکسانخوازیی بزووتنەوەی بارزان لە پشتگیریی خەڵکی ھەژار و ستەم لێکراو و حەقانییەتی ئەو ڕێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ ھەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.
ئەم ڕێبازە بوو بەبنەمای کاری ڕابەرایەتیی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، بۆ ئەمڕۆی دۆزی کورد و لە ھەمان کاتدا وەکو ئەزموونێکی کارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، لەسەر دەستی ڕابەری ئەمڕۆی گەلی کوردستان سەرۆک بارزانی، کە جێی ھیوا و ئومێدی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و کامەرانی، میراتگری ئەو ڕێبازەیە.
شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ڕوانگەی مرۆڤبوون، ھەوڵی داوە ڕووحی لیبووردەیی و پیکەوەژیان لەناو خەڵک بەرجەستە بکات، بۆ نموونە کریستیان و جوولەکەیەک شێخ ئەحمەدی بارزانی بە خودانی خۆی دەزانی، چونکە ھەموو ماف و ئازادییەکی بۆ فەراھەم کردبوو.
شێخ ئەحمەد بارزانی، پێش زیاتر لە سەد ساڵ، بایەخی بە ئافرەت و ئازادییەکانی داوە، لە ڕووی ژینگەپارێزییەوە، لە سەردەمی شێخ ئەحمەد زۆر بایەخی بەم لایەنە دراوە، شێخ ئەحمەد خاوەن سوپا و ھێز نەبوو کە ئەو ڕێنمایانە لە ناوچەکە جێبەجێ بکات، بەڵکو فیکر و پەروەردەکەی وای کرد کە خەڵک گوێڕایەڵی بێت، لە ڕووی پەروەردەییەوە توانی خەڵکەکە ئامادە بکات کە چۆن داوای ئازادی و مافەکانی بکات دژی زوڵم و ستەم.
پێویستە کۆمەڵگەی ئێستەی کوردی یاسا و بڕیارەکانی خۆدانێ بارزان بکەنە بەرنامە و مەنهەجی ژیانی خۆیان تاوەکو دووربکەونەوە لەو ڕووداو و کارەسات و کار و کردەوانەی کە ئێستە لە کۆمەڵگەی کوردی ھەن و ھەستی پێ دەکرێن.
شێخ ئەحمەد بارزانی، دوای تێکچوونی باری تەندروستی و ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ١١/١/١٩٦٩ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.

ھەواڵی زیاتر