شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی نەوتی کوردستان گفتوگۆ دەکات

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێک لەسەر ئاستی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابوریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چووە بەغدا و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی ساز کرد، دوێنێ شاندێکی تەکنیکی بۆ پرسی دەرهێنانی نەوت گەیشتە بەغدا.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ لەبارەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکات و هەردوولا دەیانەوێت لەسەر ژمارەیەکی ڕاستەقینە بگەنە ڕێککەوتن و لە هەمواری یاسای بودجە جێگیری بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لێکتێگەیشتن هەبووە کە لیژنەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کات لەسەر دیاریردنی ژمارەیەک ڕێک بکەون کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک شەش دۆلار دیاری کراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوای 26 دۆلاری کردووە.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن؛ ئامانجی سەرەکیمان لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانە لە ساڵی 2024دا، بەگشتی گفتوگۆکان زۆر باش بەڕێوەدەچن بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە”.
گوتیشی؛ ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق زیاتر رێگە خۆش دەکەن بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی و بودجەی هەرێمی کوردستان”. ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ناردنی هەر بڕە پارەیەک وەکو قەرز بۆ مووچە، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە و دەتوانێت بیخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و دوای پەسەندکردنی رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات”.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧ـدا، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی پەنجا و حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمهێنان کردەوە.

ھەواڵی زیاتر