سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارێزگاری هەولێر: بابەتی هەرزانکردنی نان و سەموون بەلاڕێدا بردراوە

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموونیان بەلاڕێدا بردووە. جەختیش دەکاتەوە، بە زووترین کات دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 09-01-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لە نانەواخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان؛ روونکردنەوەی دا.

 ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، ئەوان “بە زووترین کات” لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەت قەزای ناوەندی؛ دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن و “لە ئەنجامدا هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن”.

پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، “لە شارى هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار)  دەبێت و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایی دەبێتەوە”.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لەلایەن “زۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندن کە بەشێکیان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئامادەن، هەڵوەستەی لەسەر کراوە و بەلاڕێدا بردراوە”. گوتی، “بابەتەکە وەکو خۆی نەگەیشتبووە نانەواخانە و سەموونخانەکان؛ وا تێگەیەندرابوون، تەنها بڕیاردراوە 10 نان و سەموون بە هەزار دینار بفرۆشرێت و لە بەرامبەردا هیچیان بۆ نەکرێت، ئەوە ڕاست نییە. پێش ئەوەی بڕیارەکە بدەین، داواکارییەکانیانمان جێبەجێکردوون”.

پارێزگاری هەولێر گوتی بەم شێوەیە قەرەبووی خاوەن سەموونخانە و نانەواخانەکانیان کردووەتەوە: 

1. سەدا 50ـی کرێی کارەبای سەموونخانە و نانەواخانەکانیان کەمکردووەتەوە.

2. ئێستا هەر لیترێکی گازی شل لە بازاڕ بە بە 600 دینارە، بەڵام وەکو پاڵپشتی، لیتر بە 300 دینار بە سەموونخانە و نانەواخانەکان دەدرێت، واتا سەدا 50ـی ئەو نرخەش کەمکراوەتەوە.

3. ئێستا فەردەی ئارد لە بازاڕەکان بە 34 هەزار دینارە، بەڵام بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان، بە 29 هەزار دینارە و ئەوان وەکو حکومەت چاودێریی کواڵێتییەکەی دەکەن. لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئارد بێبەرامبەر پێیان دەدرێت.


لە سنووری پارێزگای هەولێر 1800 نانەواخانە و سەموونخانە هەن. پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە “ئێمە لە خاوەنی ئەو نانەواخانە و سەموونخانەش بەرپرسیارین و وەکو کاسبکارانی پارێزگاکەمان نابێت زەرەمەندببن”.

ئومێد خۆشناو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، “ئامانجی حکومەت خزمەتکردنی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی دۆخی بازاڕە لە هەموو بوارەکاندا کە ئەمەش داواکاریی هاووڵاتییانە”.