سوپای عێراق لە سەد و سێ ساڵ تەمەنیدا هیچ کاتێک بۆ کورد دۆست و بۆ عێراق نیشتمانیی نەبووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سوپای عێراق لە سەد و سێ ساڵی تەمەنیدا، چەندین جار بەرگی گۆڕیوە، لە سیستمێکەوە چووەتە پاڵ سیستمێکی تر و هەندێک جار خۆی دەسەڵاتدار و هەمەکارە و هەندێک جاری تر داردەستی ئایدۆلۆجیا و گرووپێکی تایبەتی بووە، جگە لە سەرکوتکارییەکانی ناوخۆ شەڕی چەندین وڵاتی کردووە، هەڵوەشاوەتەوە و دووبارە دامەزراوەتەوە و هێز و دەسەڵاتەکەی لەهەوراز و نشێودا بووە، بەڵام هیچ کات بۆ کورد دۆست و بۆ عێراق نیشتمانی نەبووە.

دوێنێ شەممە شەشی کانوونی دووەم یادی سەد و سێ ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراق کرایەوە، یادی سوپایەک کە بە درێژایی تەمەنەکەی مایەی ستەم و چەرمەسەریی بووە بۆ گەلی کورد، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئومێدێک هەبوو ئەم سوپایە ببێت بە سوپایەکی نیشتمانی و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بپارێزێت بەڵام هەمان ڕێچکەی سوپاکانی پێش خۆی گرتە بەر.
لەشەشی کانوونی دووهەمی ساڵی ١٩٢١ لە عێراق کە لەژێر سەرپەرشتیی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیادا بوو سوپای عێراق دامەزرا، لەوکاتەوە ساڵانە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق یادی ئەم ڕۆژەیان کردۆتەوە. سەرجەم مەرگەساتی ئەنفال و کیمیاباران و ئەو نەهامەتییانەی لەو سەد و سێ ساڵەدا بەسەر کورددا هاتوون بەشی زۆری لەسەر دەستی ئەو سوپایەدا بووە.
وێرانبوونی هەزاران گوند، دژایەتیکردنی ڕاپەڕینەکان سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی بارزان، ئەیلول، گوڵان، کۆمەڵکوژکردنی نزیک به‌ دووسەد هه‌زار کورد له‌پرۆسەی ئه‌نفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بە دەیان ڕووداوی دیکە هەر لە لایەن ئەم سوپایەوە کراون. بیرەوەرییەکی تری تاڵی کورد لە سوپای عێراق بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە کە تانکەکان جەستەی پاکی پێشمەرگەیان خەڵتانی خوێن کرد.
نوێترین دەستدرێژیی سوپای عێراق بۆ کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە سوپای عێراق بە هەمەر و هێزێکی زۆری سەربازی هەڵیکوتایە سەر گەڕەکێکی کەرکووک و ویستی بە زۆر کۆمەڵێک خێزانی کورد دەر بکات و عەرەبی هاوردەیان تێدا نیشتەجێ بکات بەڵام لەگەڵ بەرگریی جەماوەر بەرەوڕوو بوو.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعس ڕووخا و دواتر دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق داندرا پێناسەیەکی نوێ بۆ سوپای عێراق کرا و هیزی پێشمەرگەش وەک هێزێکی کاریگەر دانی پێدا نرا کە پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و هاوشێوەی سوپای عێراق پاڵپشتی دەکرێت و خەرجییەکانی دابین دەکرێ بەڵام هەر زوو سوپای عێراق هەر لەسەر ڕێچکەی سوپای پێشوو کاری کرد و مافەکانی پێشمەرگەش پێشێل کران و دواجار ڕوانگەی کورد بەرانبەر بە سوپای عێراق گۆڕانکاری بەسەردا نەهات.
سوپای عێراق لەو کاتەوە دامەزراوە سەرچاوەی کۆدەتا بووە. بۆنموونە له‌ساڵی ١٩٣٦ سوپای عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی فه‌ریق به‌كر سدیق یەکەم کۆدەتای سەربازی ئەنجام دا. لە چواردەی تەموزی ١٩٥٨ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز و به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌رێگای كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ سیستمی پاشایەتی ڕووخێنراو حوکمی کۆماری ڕاگەیەنرا.
له‌ هەشتی شوباتی ١٩٦٣ عه‌بدولسه‌لام عارف به‌هاوكاری به‌عسیه‌كان و میلیشیایه‌كی چه‌كداری به‌ناوی”حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان” له ‌ڕێگەی کۆدەتایەکی سەربازی کۆتاییان بە حوکمی عه‌بدولكه‌ریم قاسم هێنا و خۆی و پاسه‌وان و سه‌دان كه‌سیان له‌شوێنكه‌وتووه‌كانی كوشت. پڕیشكی ئەو زوڵم و زۆرییانه‌ گه‌یشته‌ كوردستان و سووتاندنی ژمارەیەک گوند و کوژرانی چه‌ندین که‌سی لێکه‌وته‌وه‌.
له‌ حەڤدەی ته‌مووزی ١٩٦٨ به‌عسییه‌كان توانیان له‌رێگای کوده‌تایه‌کی دیکه‌ی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات بگرنە ده‌ست و له‌ساڵی ١٩٧٩ سەدام حوسێن کە جێگری سەرکۆمار و پیاوی دەستڕۆیشتووی ناو سوپا بوو، توانی به‌ته‌واوی وڵات بخاته‌ ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراق لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕووخێنرا بە بڕیارێک سوپای عێراق هەڵوەشێنراوە و سوپایەکی نوێ دامەزرا.
سوپای عێراق له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ چه‌ندین جه‌نگی به‌رپاكردووه‌ له‌وانه‌ جه‌نگی یه‌که‌می عه‌ره‌ب و ئیسرائیل له‌ساڵی ١٩٤٨دوای ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، جه‌نگی دووه‌می عه‌ره‌ب ‌و ئیسرائیلی له‌حوزه‌یرانی ١٩٦٧.
سوپای عێراق له‌ساڵی ١٩٨٠بۆ ماوه‌ی ‌هه‌شت ساڵ دژی ئێران شه‌ڕی کردووه‌ که‌ به‌ جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداو ناسراوه‌ هه‌روه‌ها له‌ساڵی ١٩٩٠ وڵاتی کوه‌یتی داگیر کردووه‌ که‌ به‌ جه‌نگی دووهه‌می که‌نداو ناسراوه‌.
سوپای عێراق جگه‌ له‌ به‌شداریکردن له‌و جه‌نگانه‌ هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە دژی بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌کانی کورد له‌ باشووری کوردستان جه‌نگاوه‌.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ حکوومەتی فیدراڵی زۆرترین گرینگیی بە سوپای نوێ دا و میلیاران دۆلاریان لە بودجەی عێراقیان خستە بەردەم ئەم سوپایە و چەک و چۆڵی پێشکەوتوویان بۆ کڕدرا، لەکاتێکدا هێزی پێشمەرگە کە بە گوێرەی دەستوور بەشێکە لە سوپای نیشتمانیی عێراق، پشتگوێ خرا و تەنانەت مووچەبڕاویش کرا.
سوپای نوێی عێراق ئەوەندەی خزمەتی ئەجیندای شیعەی کرد خزمەتی لایەنەکانی تری نەکرد هەر ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ تووشی کۆمەڵێک نەهامەتی تر ببێت کە تەواوی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد. سوپای عێراق لە حوزەیرانی ٢٠١٤ نەیتوانی ٢٤ سەعات لەبەرامبەر چەکدارانی داعش بەرگری بکات و هەرچی چەکوچۆڵیشی هەبوو کەوتە دەست داعش کە دواتر داعش دژی پێشمەرگە بەکاری هێنا.
لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ سوپای عێراق لە جیاتی ئەوەی بێلایەنی خۆی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بپاریزێت چووە پاڵ سیاسەتێکی دیاریکراوی شیعە و مێژوویەکی ڕەشی تری بۆ خۆی تۆمار کرد.
لە بیرهێنانەوەی ئەو مێژووە بۆمان دەسەلمێنرێت سوپای عێراق هیچ کاتێک بۆ کورد مایەی خێر و خۆشی نەبووە و بۆیەش هیچ کوردێک دڵی بە هەبوونی ئەم جۆرە سوپایە خۆش نییە.

ھەواڵی زیاتر