حکوومەتی عێراق ناتوانێت گرووپە چەکدارە نایاساییەکان کۆنترۆڵ بکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ چەندەمین جارە، لەلایەن گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، بەشێوەی جۆراوجۆر ھێڕش دەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، جارێک لە ڕێگەی درۆنەوە جارێک لە ڕێگەی مووشەکەوە، ئەمەش نیشانەی بێ ھێزبوونی ئەو گرووپە لە یاسادەرچووانەیە کە لە ئیفلاسی جەماوەردان و دەیانەوێت بە دروشمی بریقەدار سەرنجی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانان، بەدواداچوون بۆ ھۆکار و ئامانجەکانی ھێڕشی سەر ھەرێمی کوردستان دەکەین و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی عێراق دەکەین.

تادێت ئاستی گرژیەکان لە عێراق زیاتر دەبێت، بەتایبەت ھێڕشکردنە سەر بارەگاکانی ھاوپەیمانان لە بنکەکانی عین ئەسەد و ھەریر، بارەگایەکی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا کرایە ئامانج و فەرماندەیەکی باڵای ئەو ھێزە کوژرا، دوابەدوای گرژییەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ھێڕشە درۆنییەکان لە عێراق وەڵامدانەوەی سەربازی زیاتر بووە، ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەی ڕابردوودا ھێڕشی درۆنی کراوەتەسەر.
ھێڕشی درۆن بۆ سەر ھاوپەیمانان تەنیا لە چوارچێوەی ھێزەکانیان نەوەستاوەتەوە لە کوردستان بەڵکو دواین جار بەدرۆن ھێڕش کرایە سەر بنکەی سەربازی ھەریر و بنکەیەکی ھێزی پێشمەرگە، دوابەدوای ھێڕشەکە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، زامنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکوومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین، کە ھاوکار و پاڵپشتمان بن بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسانە، کە دەبێتە ھۆی ئاشووبی زیاتر بۆ ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.
دەشڵێت: داوا دەکەین ھەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بدۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان بگەینرێن. دووپاتیشی دەکەینەوە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک ھەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.
بە درێژایی زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە و ھیچ ھێزێک لەو ناوچانە جێگیر نەکراوە، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەردەوام لەو بۆشاییە ئەمنییانەوە پەلاماری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، پێشمەرگە بەردەوام چاودێری بۆشایی ئەمنی دەکات، کە لە نێوان سوپای عێراق و ئەوان ھەیە، ئێستە ھەم چاودێری جموجۆڵی داعش دەکات، ھەمیش گرووپی میلیشاکان. ئەوانەی چاودێری بارودۆخی ئەمنی دەکەن، دەڵێن: ھیچ ڕێگەیەک لەبەردەم حکوومەتی عێراق نییە و دەبێت ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە، چونکە ئەو ناوچانە ناوچەیەکی پارێزراون بۆ داعش و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان.
دوو لیوا ھاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەشقدان، بەسەر سێ شوێنی مەشق و ڕاھێنان دابەشکراون، کەرکووک، دیالە و مووسڵ. دوای تەواوبوونی مەشق و ڕاھێنانەکان، لەلایەن ئەو لیژنەیەی لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکھێندراوە، لیواکان بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە جێگیردەکرێن، کە ئێستە ئەو ناوچانە بوونەتە شوێنی ھێڕشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان.
ژمارەی لیوا ھاوبەشەکان حەوت ھەزار و پێنج سەد کەسن، لەو ژمارەیە سێ ھەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس لە ھێزی پێشمەرگە دەبن، ھەر دوو لیواکەش لە لایەن ھاوپەیمانانەوە پڕ چەک دەکرێن.
شارەزایانی بواری ئەمنی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دەبێت بەپەلە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر کە ھێرش لەسەر کوردستان بوەستێنرێت و ڕێگە چارەی خێرا بدۆزرێتەوە و ھەرچی زووە چەکی دژە مووشەک و درۆن بدرێتە ھێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری کردن لە خۆی و حکوومەتی ھەرێم مادام دەزانێت کە حکوومەتی عێراق ئەم گرووپانەی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت دەکرێت داوایەک لە ھاوپەیمانان بکات بەفەرمی کە چەکی دژە درۆن ڕەوانەی کوردستان بکرێت و بنکەیەکی بەھێزی دژە مووشەک لە ھەولێر جێگیر بکرێت، چونکە سیناریۆی پشت ئەم درۆنانە بابەتێکە بۆ کوردستان چارەنووسازە و بەوە ڕاناوەستن شوێنی دیکە دەکەنە ئامانج.
لە بارەی ئەو ھێڕشە شکستخواردووەی درۆنچییەکان، میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، دەڵێت: ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییەی ھەوڵی تێکدانی بوون و مافەکانی کوردستان دەدات و درێژە بە ھەوڵە ترسنۆکەکانی دەدات، لە پەردەی تاریکی و بێشەرمی خۆیانە.
میسال ئالووسی، دەشڵێ: ئەم میلیشیایانە گوماناوین و دەیانەوێت پێگەی کوردستان بێ ھێزبکەن، ئەوان لەوپەڕی ئیفلاسی خۆیاندان لە ھەموو ڕووێکەوە ناویان دیارە لە نێو جیھاندا.
ئەو سیاسەتمەدارە، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە کاردەکات و نایەوێت پشێوی و شەڕ و ئاژاوە دروست ببێت، دەیەوێت ھەمیشە دۆخی سیاسیی عێراق و کوردستان ئارام بێت و برایەتیی لە نێوان کورد و عەرەب و ھەموو پێکھاتەکاندا ھەبیت.
ئەو کارانەی ئەم گرووپانە دەیکەن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسان و ھەروەکو سەرۆکی حکوومەتی عێراقیش بەکاری تیرۆریستی ناوزەندکردوون، سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی عێراق نەیتوانیووە ئەو ھێڕشانە ڕابگرێت و پاراستنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بارەگا و بنکەکانی ئەمریکا بکات، بەگوتەی پەرلەمانتاران، پێویستە ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم ھێڕشکردنە بریار وەربگرێت، چونکە حکوومەتی عێراق نەیتوانیووە ئەم ھێرڕشانە ڕابگرێت. د. سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، لە چوارچێوەی سەردانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆی عێراق بەدواداچوون بۆ پرسەکە دەکەین.

ھەواڵی زیاتر