زەیتونی کوردستان پێشەنگە

بەهۆی لەباری کەشوهەواکەی و بەپیتی خاکەکەیەوە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆر لەبارە بۆ چاندنی زەیتون و باشترین جۆرەکانی زەیتوونی لێ بەرهەمدەهێنرێت. هەربۆیەش زۆرێک لە باخەوانەکانی کوردستان دەستیانداوەتە چاندنی داری زەیتون و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش زیاتر لە ١٣٤٠ جووتیار لە کوردستان سەرقاڵی چاندنی زەیتونن و ساڵانە زیاتر لە ١١٠تۆن زەیتی زەیتون لە کوردستان بەرهەمدێت.

ئێستا وەرزی پێگەشتنی زەیتوونە و ساڵانە، مانگەکانی كانوونی یه‌كه‌م و دووه‌م و شوبات، کاتی گونجاوە بۆ لێكردنەوەی بەرهەمی زەیتون و ڕادەستکردنیان بۆ کارگەکان.
باخه‌وانه‌كانی زه‌یتوون لە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لە کێڵگەکانیانەوە زەیتوون دەبەن بۆ کارگەکان بۆ ئەوەی بیکەن بە زەیتی زەیتوون، کە خواستێکی زۆری لەسەرە بەهۆی بەرزی کوالێتی زەیتەکەوە. پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویکردوەتەوە كە “کارگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتون لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتییەکی زۆر باش زەیت بەرهەمدەهێنن و لە وەرزی پێگەیشتنی زەیتوندا نزیکەی ٨٠٠ تۆن زەیتون لە جوتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و ساڵانە لە ڕێگە ی ٧ کارگەوە نزیکەی١١٠ تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەمدەهێنن و زەیتەکەش بەهۆی بونی خواستی زۆر هەر لە ناوخۆ ساغ دەکرێتەوە.
یەکێک لە باخەوانەکانی شاری هەولێر کە زیاتر لە حەوت ساڵە سەرقاڵی چاندنی زەیتونە ئاماژەی بەوەکرد کە خاکی کوردستان بۆ چاندنی زەیتون وەک زێڕ وایە و باشترین زەیتونی لێ بەرهەم دێت و وتیشی ئەگەر بە باشی کاری لەسەر بکرێت و بەو ڕێچکەیەی ئێستا بڕوات زەیتەکەی دەتوانێت پێویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە و پێویستمان بەهچ زەیتێکی زەیتونی هاوردەکراو نابێت و تەنانەت دەتوانین هەناردەی وڵاتانیشی بکەین بەتایبەت کە ئەو زەیتەی لە کوردستان بەرهەم دێت لەڕووی کواڵیتییەوە لە زەیتی زۆربەی وڵاتان باشترە.
لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا مۆڵەت دراوەتە حەوت کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتون، لەهەولێر هەریەکە لە کارگەکانی کۆمەڵەی هەرەوەزی، زەمزەمین و ئەربیل فید هەن، لە سلێمانی کارگەی ڕانیە هەیە، لە دهۆک لە قەزای شێخان کارگەی کەنار هەیە و لە هەڵەبجە کارگەی ڕاسان و، لە گەرمیانیش کارگەی کەلار.
بەپێی بەدواداچونەکان پارزێزگای هەڵەبجە بەهۆی لەباری کەشو هەواکەیەوە لە ڕوی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونەوە لە پلەی یەکەمدایە.
نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ڕایگەیاند:” لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ٣٨٣ دۆنم زەوی بە زەیتون داچێنراوە کە زیاتر له ٥٠هەزار داری زەیتوونی تێدایە و و ساڵانە ٢٥٠تۆن زەیتونیان لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان ئێستا نزیكەی ٤ملیۆن داری زەیتوون لەهەرێمی كوردستان هەن.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ١١٠ تۆن؛ لە هەولێر ٢٠.٤ تۆن، لە سلێمانی ١٠ تۆن، دهۆك سێ تۆن و لە پارێزگای هەڵەبجەش ساڵانە ٦٠ تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەم دەهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر