ئێوارەی ڕەنگ مۆر

نوسینی: ئازاد پێنجوێنی

ئەو پیاوەی کەبەناوچڕی گەڵاو گوڵەکاندا دەهاتوو دەچوو گوڵێکی مۆری بەدەستەوەبوو تەنانةت دڵیشی نەدەهات بۆجارێکیش بێت بۆنی بکا. چاوی بەهەرچواردەوری باخچەکەدا دەجوڵاند تاکۆتایی دارعەرعەرێکی بەرز دەڕۆشت و سەیرێکی کۆتا چڵی دارەکەی دەکرد.
ـ باڵاجوانەکەی لەدیدی منەوە لەباڵای ئەم عەرعەرە دەچێت و گەردن بەرزو ڕێک پۆش زۆرم خۆش دەوێ
ئەمەی وتو دووبارە گەڕایەوە بۆ ئەوسەری باخچەکە، بەڵام لەم سەرەوە بە تەنیشتی زۆرێک لەگوڵی تازە پشکووتودا تێپەڕی چونکە دەیوت ئەوەی من چاوەڕێی دەکەم زۆرشەیدای خونچەی گوڵە. پیاوە زۆردڵخۆش بوو بەوردی سەیری هەموو ئەو گوڵانەی دەکرد دواجار
چاوی بەکورسیەکاندا گێڕا تابزانێ کامەیان گونجاوە بۆدانیشتنی ئەو ژوانەی کە لەو ئێوارەیەدا بڕیارە ساز بکرێت، کورسیەکی بینی لەلای ڕاستی پەرژینەکان کەلەپشتیەوە دوو دار ڕۆبیانی باڵاي مام ناوەند هەبوون چڵە باریکەلەکانیان کە هەزاران گەڵای گرتبووە خۆیان سەریان شۆڕکردبؤوە بەسەر کورسیەکەدا
لەدڵی خۆیدا وتی:” ئێرە زۆرباشە کەسیش نامان بینێ هەرکە گەیشت بەڕێزەوە لێرە دایدەنیشێنم و سەرەتاش ئەم گوڵە مۆرەی پێشکەش دەکەم.
ئۆقرەی ڵێبڕابوو بەردەوام دەیڕوانی بۆئەو تەکسیانەی کەبەشەقامەکەدا دەهاتن و دەچوون، لەوە دەترسا بێتە ناوباخەکەو ئةويش فریای پێشوازی لێکردنی نەکەوێ.
هەر لەسەر ئەوکورسیە لێی دانیشت بەدەستی بەهێواشی گوڵە مۆرەکەی دەخولاندەوە و دەترسا تا ئەوکاتەی پێی دەدات نەبادا پەڕەکانی هەڵوەرێت.
کەوتە قسەکردن بۆ گوڵەمۆرەکە، تۆ شایەد بە هەرگیز وەکو جاران دڵم ناشکێنرێ، چونکە ئێستا خاوەنی جوانترین دڵی دونیام.
ڕووی کردە ئاسمان و طوتي:” خودا باشترین وەستای گەردونە لەدووبارە بەیەکەوە لکاندنی پارچەکانی دڵم لەسەرزەوی ئەوەتا باشترین ئەوینی بۆناردووم کەلە هەناویدا سۆزو وەفاو میهرەبانی بۆ ئەو دڵەمی دروست کردوە، هەموو ئەو وشانەی کە جاران لەبیرمدا یەخسیرکرابوون ئێستا هەموویان بەهۆکاری ئەو ژنە گەڕێنرانەوە بۆناو ئاوازم کەواتە لەمەودوا دەتوانم بیخەمە سەرپەڕاوێکی سپی و بەبێ ترس چیرۆکی ئەوینی لێ سازبکەم.
جارناجارێ چڵی دوو دارەکەی بەرزدەکردەوە و سەیرێکی دەروازەی باخچەکەی دەکرد بزانێ ئەوەی بەدڵ چاوەڕێی دەکات دەرنەکەوتووە هەرواش گوڵەکەی بەدەستی دەخولاندەوەو بەردەوام دەبوو لەقسەی ناودڵی بۆ گوڵەکە.
ـ عیشق ژیانە ئەوانەی پەیڕەوی دەکەن دەبنە باران کەوایە سروشت بۆ ئەوانە.
سەیری چەند پەڵە هەوری کرد تکەیەک باران کەوتە سەرگوڵە مۆرەکە، زۆرخۆشحاڵ بوو پەنجە توتەی بەهێواشی برد بۆ پەڕی گوڵەکەو تکەی بارانەکەی بڵاوکردوە بەپەڕەکانیدا وەک چۆن کاتێک باران دەکەوتە سەر ڕوخساری ئەو ژنە هەر بەوجۆرە بەو پەنجەیەی تکەکانی بەسەر گۆنایدا بڵاودەکردەوە.
هەستاو بەدەم ڕۆشتنەوە بەلێواری پەرژینەکەدا تا سیاجی دەرگاکە ڕۆشت و ملێکی بەرزکردەوە بۆ ئەملاولای شەقامەکە و دوبارە گەڕایەوە ڕاڕەوەکە قسەی بۆ درەخت و گوڵەکانی ناوباخچەکە دەکرد.
ـ جاران کەئەوم نەناسیبوو ئاوات و هیواکانم تەرمێک بوون بەچاوی خۆم دمبینی چۆن لەبەردەممدا ڕاکشابوون هەموو ئێوارانێک هەڵم دەگرتن و لەسوچێکی وەهممدا دام دەنان بۆبەیانیەکی خەمو خەفەتاوی تازە لەدایک بوو دانەویەوە بۆگوڵەکان، گوڵەجوانەکان بەپێچەوانەی ئێوەوە کەسەر دەردەکەن و باڵا دەکەن من دەچوم بەناخی زەویداو دەپوکامەوە.
هەستاو چاوی بڕیە تەواوی باخەکە ،ئەی باخ دڵنیابە تةنانةت جوانی ئێوەشم لەیاد کردبوو، کەچی ئێستا بەهۆی ئەم ئەوینەمەوە هیواو ئاواتەکانم بونەتە پەڵە هەورێکی چەرمو بەسەرسەرمەوە بۆهەرجێگایەک بچم بەدوامەوەن و بارانیشیان پێیە ئەوەتا ئاشنا بوومەوە بە تۆی باخیش، چونکە ئەوژنەی من خۆشم دەوێ لەسروشت بوونیدا دایکی هەموو سروشتە.
کات زیاتر بەرەو ئاوابوون دەڕوات، خۆیی و گوڵە مۆرەکە وباخەکە لەچاوەڕوانیدان. بەگوڵە مۆرەکەی وت: “نەکەی زویر وسیس بیت نەبادا خاتون لێت زویربێت تۆش وەک من چاوەڕێکە هەردێت تةنانةت غەزەبیش ببارێت خاتون پێی وتوم دێم خواردنیش دێنێت کەهیچ نەخۆم، چونکە پەڵپینەی بۆلێناوم ئەوەشی پێوتووم کەپەڵپینە باشترین گیایە بۆ زۆربەی نەخۆشیەکان مادام هەوایەکی ساردو نسرم لەوباخچەدا هەیە بۆگەرمکردنەوەی هەناو زۆر باشە.
ـ ئای خوایەگیان ئەوچ ژنێکە ئالەم زەمەنەدا ئاواباش و عیشق پەرستە.
لەم قسانەدا بوو، ژنە لەسیاجی باخچەکەوە دەرکەوت بەهاتنی بۆناو دەروازەی باخچەکە بووە تێکەڵەیەک لەتەواوی گوڵو گەڵاکان، جگە لەوەی جلوبەرگێکی سەرنج ڕاکێش و ئاڵو واڵای لەبەرکرد بؤ زۆر بە نەرمی بەناو ڕاڕەوی گوڵەکاندا هەنگاوی دەنا پیاوە بەرەو پیری ڕۆشت تاوەکو لەئامێزی بگرێ و دەستە ناسکەکانی بگرێت و بەڕێزەوە لەسەرکورسیەکە دایبنێ.
تەواوی ڕاڕەوی باخچەکەی تەی کرد تةنها هەست کردن بە هەناسەکانی و بینینی مەنجەڵێک پەڵپینە نەبێ کە بەسەرپۆشێکی مۆر پێچابوویەوە لەتەنیشتی گوڵەکان دانرابوو ملوانکە پەمەییەکەی گەردنیشی بینی خۆی ئاڵاندبوو لەقەدی دار سنەوبەرێک کەبە سەرنجدان لەدارەکە دەتوت گەردنە بەرزەکەیەتی ناوباخەکە زۆر گەڕا هەناسەی توندببوو.
ـ سوێند بەیەزدان ئێستە بەوچاوانەی خۆم بینیم هاتە ناوباخەکە ئاخر ئەوەشتەکانیەتی ئەی خۆی کوا.
ئەمەی وت و ماخۆلانی تێکەوت سۆراخی دەکردو چاوی دەگێڕا تةنانةت سەری دەبردە ناوەوەی پەرژینەکانیش نەبادا خوانەکردە پێی هەڵخزابێ و کەوتبێتە ناو ئەودڕکو داڵانةوة.
خوڕەو هاژەی ئاوو دەنگی بولبول و نەغمەی بەسۆزی گۆرانی بەڵێنی ئەویندارانە هاتە بەرگوێی بەناوباخەکەدا دەهات و دەچوو تا بزانێ لەکام پشتی دارێکەوە ژنە بۆشۆخی کردن خۆی حەشارداوە و گۆرانی دەچڕێت ئاخر هەرکات گوێی لەدەنگی بووبێت هەر بەو سۆزو ئاوازە کە جارجارە بەدەنگە خۆشەکەی یەک دووکۆپلە گۆرانی بۆ وتووەو چەشنی هاژەی ئاوو دەنگی بولبول قسەکانی گەیشتۆتە ناخی ئەم پیاوە، ئای گیانەکەم خۆتۆ ئێستە هاتیتە ناوباخچەکە بۆدیارنیت.
وەکو دێوانەیەک کونوقوژبنی باخەکە گەڕا، تةنانةت چەند جارێک چووە درەوەی باخەکەو دەگەڕایەوە بێ ئاکام بوو.
باخەکە ڕەنگی تاریکو ڕوونی گرتووە، دووبارە گوێی لە دەنگی سرتەی باو هوژەی گەڵاکان بوو کاتێک با لێیدەدان و دەیخستنە سەرزەویەکە و دەنگی ڕۆشتنی پێیەکانی ئەوژنەی دەهاتەوە یاد کەبەسەر گەڵا کەوتووەکانی ڕاڕەوەکەدا بەنەرمی هەنگاوی دەنا لەڕاستیدا هەموو ئەمانە مێشکیان داگیرکردبوو کەچی نەیدۆزیەوە.
هەنگاوی نا بەرەو دارعەرعەرە بەرزەکە بەنیازبوو بچێتە سەردواچڵی تا لەوبەرزیەوە بۆی بگەڕێ لەوانەیە لەناوکۆڵانەکاندا بەرچاوی بکەوێ زۆریش دەترسا، چونکە هەرگیز نەیوێراوە لەژیانیدا بۆجارێکیش بێت بەسەر دارا سەرکەوێ. بەخۆی وت، بەڵام عیشق ترس ناناسێ.
هێزی دایە خۆی وهەرئەوەندەی بڵێی یەک و دوو بەسەردارەکەدا وەک سمۆرە ئاسا سەرکەوت.
چووە کۆتا چڵی دارعەرعەرەکە چەندجارێک چاوەکانی هەڵگڵۆڤی وکردنیەوە لەڕاستیدا دەترساش چونکە یەکەم جاریەتی و لەسەر دواچڵیشی، بەڵام زۆر دڵخۆش بوو ترسی ڕەویەوە.
ـ وای تەواوی ئاسمان و شار یەک پارچە بونەتە ڕەنگو ڕوخسارو باڵای ئەو، کەوایە ئەم ژنە مرۆڤ نیە فریشتەیە بۆیە لێم وون بووە.
سەیری ناوباخەکەی کرد باخەکە یەک پارچە ببووچاوە زەردباوەکانی ئەوەندە دڵخۆش بوو دڵی خەریک بوو دەوەستا دەستی کرد بە سەما کردن لەسەر چڵی دارەکە ئەوەندە سەمای کرد کەوتە خوارەوەو گیانی بەر کورسیەکی تەختەی باخچەکە کەوت ولەهۆش خۆی چوو، بەڵام ئەوگوڵە مۆرەی دەستی هەرلەناودەستیدا مابوونەوە و توند گرتبوی هەمان ئێوارە، بەڵام دوای چەندین ساڵ لەسەرهەمان ئەوکورسیە لەگەڵ ئەوژنەدا دانیشتووە و ژنەکە بەسۆزەوە پەڵپینە دەکات بەدەمیەوە جارجارە بەدەستەسڕێک دەمی بۆدەسڕێ، چونکە بەهۆی کەوتنە خوارەوەکەوە لەسەرعەرەبانەیەو ئیفلیج بووە
بەزەردەخەنەیەکی پڕ لەهیواوە بەژنەکەی وت چاوەکانت بنوقێنە دەمەوێ شتێکت پێبدەم، ژنەکە وای کرد وپیاوەکە بەزەحمەت خۆی گەیاندە چڵی گوڵەکان گوڵێکی مۆری لێکردەوەو بەسۆزەوە دای بەژنەکە لەچاوەکانیشیەوە هەم ژنەکەو باخچەکەش ڕەنگی مۆریان گرتبووە خۆیان هەردووک ڕوگەش لەسیاجی باخچەکەوە تێپەڕین لەنێو نوقمی تاریکیدا تةنها گوێمان لەقاقای پێکەنینیان دەبوو.

ھەواڵی زیاتر