دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیەكانی هەرێمی کوردستان:کردنەوەی ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە جێبەجێکردندایە

بەڕێوبەری گشتیی چاكسازیەكانی هەرێم، باسی لەوەکرد بۆ یەکەمجار مۆڵەتی چوونە ماڵەوە بۆ گیراوانی چاکسازییەکانی جێبەجێ کراوە و ڕایگەیاند؛ 287 کەس لە ساڵی ڕابردوو بە کەفالەت چوونەتە ماڵەوە، کە ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئیحسان عەبدولرەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیەكانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامار و داتای ساڵی ڕابردووی ئاشکرا کرد و گوتی: کۆی ئەو سزادراوانەی کە لە چاکسازییەکان کاری پاککردنەوە و فرۆشگایان کردووە بریتیی بووە لە 599 کەس.
گوتیشی: مۆڵەتی چوونە ماڵەوە کە پێی دەڵێن” ئیجازەی مەنزلی” کە لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەمە یەکەم جارە جێبەجێ دەکرێت، 287 کەس لە ساڵی ڕابردوو بە کەفالەت چوونەتە ماڵەوە، هەروەها ژوانی خێزانی (خلوەی شەرعی) پێنج هەزار و حەوت سەد و شانزە کەس بووە، واتە کە خێزانەکان یەکتریان بینیوە لەناو چاکسازییەکان، واتە شوێنی تایبەتییان بۆ ئامادەکراوە و لەژێر چاودێریدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، خولەکانی کارمەندان 105 خول بووە، سیمینار و وۆرکشۆپی کارمەندان و سزادراوان 276 سیمینار بووە، ئازاد کردنی بەمەرج، لەکۆی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەزارو سەد و حەفتا و یەک کەسمان بەمەرج ئازاد کردووە.
ڕاشیگەیاند، کردنەوەی ناوەندی چاکسازی گەوران لە گەرمیان، هەروەها کردنەوەی ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر و لەشەقلاوەش لە جێبەجێکردندایە.
باسی لەوەشکرد، لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی سزادراوان لە زانکۆ ئەهلی و پارالێلەکان لەسەر داوای ئێمە بووە، هەروەها زیادکردنی پیشینەی هەموو چاکسازییەکان. هەروەها نەشتەرگەریی قەستەرە و باڵۆن لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەبێ بەرامبەر دەکرێت.
دەشڵێت: 60 پاسەوان لە ناو چاکسازییەکانی گەورانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بەگرێبەست دامەزراون. ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام تویژەران سەردانی خێزانی سزادراوان دەکەن، بەتایبەت نەوجەوانان.