پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و مەبەست لە سەردانەکەشیان دۆزینەوەی چارەیەکی بنەڕەتییە بۆ کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
شاندهكهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهسهرۆكایهتیی ئاوات شێخ جهناب وهزیری دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان دهبێت و ئامانجی سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر یاسای نەوت و غاز و ھەمواركردنهوهی یاسای بودجە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ چارەكردنی کێشەی مووچە.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی 2023 وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی باشمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەبوو، بەڵام ئەوان پابەندی باشیان نەبوو، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
دەشڵێت: لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە حکومەتی هەرێم چاوەڕێی پابەندی تەواو لە حکومەتی فیدراڵی دەکات و کات کوشتن چیتر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە ناکات.
سەردانی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دەبێتە یەکەمین گەڕی دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی نوێدا، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی بە کۆمەڵێک بڕگەی نادەستوورییەوە پەسەند کرد، بەڵام هێشتا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە و نوێنەرانی کورد و چەند لایەنێکی دیکەش لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی هەموار کردنەوەی پرۆژە یاساکە دەدەن.