نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان و تاوان لە عێراق یەكەم وركشۆپی تایبەتی بە هەڵسەنگاندنی پێویستی مەترسییەكان و پرۆتۆكۆڵ لە بەندیخانەكان و پلانی جێبەجێکردنی حوكمەكان و پەرەپێدانی سیاسەت و پڕۆتۆكۆڵەكان تایبەت بە جێبەجێكردن و بەكرداریكردنی هەڵسەنگاندنی دیاریكراوی پێویستی و مەترسییەكانی تیرۆریست و بەندكراوە گەڕاوە شەڕكەرە بیانییەكان بۆ بەڕێوەبەر و كارمەندانی بەندیخانە و سەنتەرەكانی چاكسازی لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساز كرد. ئەو وركشۆپە لە چوارچێوەی بەرنامەی بەندكردنی تیرۆریستانی گەڕاوەی شەڕكەری بیانی و لە ژێر چاودێری نووسینگەی هەرێمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا دەدرێت.
لە وتاری كردنەوەی وركشۆپەكەدا، عەلی ئەلبڕێر، رێكخەری باڵا و بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان و تاوان لە عێراق گوتی ئامانجی سەرەكی ئەو بەرنامەیە بۆ بەهێزكردنی توانای دامەزراوەكانی حكوومەتە بۆ ئەوەی بتوانن هەڕەشەی تیرۆریستە بیانیەكان بەڕێوە ببەن لە رێگای پێشكەشكردنی هاوكاری تەكنیكی بۆ كەرتەكانی رێگەگرتن لە تاوان و سیستەمی دادوەری تاوان. هەروەها رایگەیاند كە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان و تاوان لە عێراق لە نزیكەوە كاردەكات لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاریی بەهێزی دروست كردووە لەسەر بنەمای ئامانج و كاری لە پیشینەی هاوبەش و متمانەی دوولایەنە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە بەسەركەوتوویی لە سەرتانسەری عێراق و هاوكات سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد بۆ دابینكردنی ئەو كۆمەكی داراییە بۆ ئەو بەرنامەیە. عەلی ئەلبڕێر، باسی ئەوەی كرد كە ئەو بەرنامەیە ئامانجیەتی كە ستراتیجی تایبەت پەرەپێبدات بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری گێندەری بۆ مامەڵكردن و رووبەرووبوونەوەی بیرۆكەی تیرۆر لە بەندیخانەكان هاوتەریب لەگەڵ ئەولیاتی نشتیمانی و یاسا مرۆیی نێودەوڵەتیی و یاسای مافی مرۆڤ وە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندارەكانی تر وەكو كەمترین بنەماكانی مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوان كە ناسراوە بە (رێسای نێڵسن ماندێلا).
دواتر لە میانەی وتارەكەیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردسان سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان و تاوان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەو پاڵپشتییە زۆر پێویستە بۆ بەهێزكردنی توانای لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت بۆ بەڕێوەبردن و كەمكردنەوەی هەڕشەكانی بەندكراوە تیرۆرستەكان. هەروەها رێبەر ئەحمەد، باسی لە كێشە و تەحدییەكان كرد بەهۆی تیرۆرستە بەندكراوەكان و پێویستی دانانی ستراتیجی و سیاسەت بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی و توندووتیژی لە بەندیخانەكان و سەنتەرەكانی چاكسازی. هاوكات وەزیری ناوخۆ، دووپاتی لە هاوكاری و كرانەوەی تەواوی حكوومەت كردەوە بۆ هێنانی باشترین ئەزموونی نێودەوڵەتی و سوود وەرگرتن لە شارەزایی تەكنیكی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە موخەدەرات و تاوان بۆ باشتركردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی بەندیخانەكان لە كوردستان هاوتەریب لەگەڵ یاسا و بنەماكانی مافی مرۆڤ.
رۆبەرت پاڵادینۆ، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە وەكو بەشێكی بەهێزی هەوڵەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و راگرتنی هاتووچۆی تیرۆرستە شەڕكەرە بیانیەكان بریتیە لە رووبەرووكردنەوەی هەموو ئەو ئەوانەی تاوانی تیرۆرستیان ئەنجامداوە بە یاسا و بەرپرسیار بكرێن لەبەرامبەر كردەوەكانیان، بەگوێرەی بنەما یاساییەكان و مافەكانی مرۆڤ. رۆبەرت لە درێژەی وتەكەیدا رایگەیاند: ” لە ساڵی ٢٠١١ وە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی هاوبەشەكانی كردووە لەسەرانسەری جیهان بۆ زیادكردنی هۆشیاری دەربارەی پڕاكتیزە مرۆییەكانی بەڕێوەبردنی تیرۆرستە بەندكراوەكان و یارمەتی پێشكەش كردوون بۆ جێبەجێ كردنی چاكسازی بەمەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و زیاتر توندڕەو بوونی تیرۆرستەكان لە بەندیخانەكان. هاوكات وركشۆپی ئەو هەفتەیە یەكێكە لە زنجیریەك چاڵاكی كە نەخشەكراون بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ بەڕێوەبردن و كەمكردنەوەی مەترسی ئاسایش بەهۆی بەندكراوە تیرۆریستە شەڕكەرە بیانییەكان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری توندڕەوی لەلایەن بەندكراوەكانی تر لە سیستەمی بەندیخانەكانیان.
دواتر تۆربن ئادەمز، رێكخەری نێودەوڵەتی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان و تاوان لە ڤیەنا پوختیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد دەربارەی ئامانجەكانی هەڵسەنگاندنی پێویستی مەترسییەكان و گووتی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، پێكهاتەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەگشتی هەڵوێستێكی هاوبەشی داڕشت و پەسندكرد لەسەر بەندكردن لەگەڵ چوراچێوەی هاوبەش بۆ پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وڵاتە ئەندامەكان دەربارەی بابەتە پەیوەندارەكان بە بەندكردن. ئەو هەڵوێستە هاوبەشە دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە سیستەمی بەندیخانەكان لە سەرتانسەری جیهان بەردەوام رووبەرووی تەحدی بنەڕەتی بۆتەوە كە بۆتە هۆی لاوازكردنی مەبەستی سەرەكی حوكمەكانی بەندیخانە. لەبڕی پاراستنی كۆمەڵگا لە تاوان و رێگەگرتن لە گەڕانەوە سەر تاوان بۆ ئامادەكردنی بەندكراوان بۆ دووبارە گونجاندنەوەیان لەناو كۆمەڵگا لە دوای بەربوون، بەندكردنی درێژخایەن و قەرەباڵغی لەناو بەندیخانەكان و پشتگوێخستن و مامەڵەی خراپ بۆتە هۆی بەهێزكردنی نادادپەروەری و بێبەش كردن و پشتگوێخستن لە زۆر وڵاتدا. هەروەها رایگەیاند، كە هەڵوێستی هاوبەش تاكید لەسەر چاكسازی لە بەندیخانەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوان لە كاری هەرە لە پێشینەی داناوە وەكو دادگەری و حوكمی یاسا و وەكو بەشێكی تەواوكاری ئەجێندای ٢٠٣٠ بۆ پابەندبوون بە گەشەسەندنی بەردەوام بەجێنەهێشتنی كەس لە دواوە.