دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەنگەوانی لە کوردستان بوژاوەتەوە

هەنگەوانی لە چوارچێوەی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بووژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە بەرهەمهێنانی هەنگوینیشدا هەزاران جوتیار خراونەتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنییەوە.

زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٥٠ تۆن بووە، لە دوای پشکنینە کیمایی، فیزیایی و مایکڕۆلۆجییەکان لە تاقیگە پێشکەتووەکانی وڵاتان، لە ئەنجامدا بە باشترین هەنگوینەکانی جیهان هەژمار کراوە، لەو چواچێوەیەدا کار بۆ ئەوە کرا هەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە تاکوو ئێستا زیاتر لە دوو تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر کراوە، لە ماوەیەکی تردا هەناردەی وڵاتانی تریش دەکرێت.
ئەحمەد پشدەری، هەنگەوانێكە و لەبارەی ساغكردنەوەی هەنگوینەكەی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “لەوەتەی پرۆسەی هەناردەكردنی هەنگوین هەیە، خواست لەسەر هەنگوین زۆر بەرز بووەتەوە، ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەكەن بۆ داواكردنی هەنگوین، ئەوەش لە قازانجی هەموو هەنگەوانانە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی یەك كەس نییە.”
ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 8 هەزار هەنگەوان لە ئاكرێوە تاكو سنووری هەولێر و شارباژێر و پێنجوێن و گەرمیان هەن، كۆی گشتی سێ سەد و پەنجا هەزار پوورەهەنگیان هەیە، بە پێی ستانداردی جیهانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستمان بە زیاتر لە دوو هەزار تۆنە.”
گوتیشی: “پلانی ناردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە، بەتایبەت كە هەنگوینی كوردستان كوالێتییەكی باشی هەیە و وڵاتان چاویان لەسەرییەتی. بۆ ئەمەش هەنگوین یەكێكە لەو بەرهەمانەی دەست بە هەناردەكردنی كراوە. دوای ئەوەی چەندین كۆمپانیا لە ڕێگەی یاساییەوە داوایان پێشكەش كرد، لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و نووسینگەی سەرۆكوەزیران لە دوای پشكنینی هەنگوینەكە، پرۆسەی ناردنی هەنگوین دەستی پێ كردووە.”