گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانان و دەڵێت، هێرشەکە “پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراقە”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەیانف بەهۆیەوە “سێ سەرکردە”ـی حەشدی شەعبی کوژران و شەش چەکداری دیکەش برینداربوون.
یەحیا رەسووڵ هێرشەکەی بە “پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراق” ناوبردووە و دەڵێت، هێرشەکە “هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کردەوە تیرۆریستییەکاندا نییە”.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە “بەرپرسیار لەم هێرشە بێ بیانوویە بۆ سەر دەزگایەکی ئەمنی عێراقی کە بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە پێیان دراوە کاردەکات” دەزانێت و جەختیشی کردووەتەوە، ئەم هێرشە پێچەوانەی “هەموو لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە”.
یەحیا رەسووڵ لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، بە ئامانجگرتنی بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە بەغدا بە “پەرەسەندن و هێرشێکی مەترسیدار” بۆ سەر عێراق ناوبردووە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی دەڵێن، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکەوە، سێ سەرکردەی حەشد کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە؛ ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بۆردوومانەکە رانەگەیاندووە.