دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئومێد خۆشناو: لە ساڵێکدا هەزار و 53 پڕۆژە لە سنووری هەولێر جێبەجێکراون

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: لە ساڵی رابردوودا بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار، هەزار و 53 پڕۆژە لە سنووری هەولێر جێبەجێکراون.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردووی راگەیاند و گوتی: “لە ساڵی 2023دا لە هەولێر و دەوروبەری هەزار و 53 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار ئەنجامدراون”.

روونیکردەوە: “ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان و بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدراون، کە هەموو سێکتەرەکان ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، رێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافا و وشکەساڵی، سێکتەری پەروەردە و خوێندن، بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی، سێکتەری تەندروستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆەژەکانی تایبەت بە وەرزشی و لاوان و کشتوکاڵ”.

پارێزگاری هەولێر، راشیگەیاند: “پلانی ئێستای تایبەت بە پەرەپێدانمان ئاماخدەکردووە و ئەمڕۆش لەوبارەوە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران هەبوو، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان پڕۆژەکان دیاریکراون، 130 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای هەولێر دیاریکراوە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “جگە لەوەی لە بودجەی گشتی عێراق زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان لە حکومەتی عێراق بودجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵام لە کابینەی نۆیەم بە بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەکان، لە چوارچێوەی روانگە و تێفکرینەکانی سەرۆکی حکومەت، پڕۆژەکانی پەرەپێدان لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بە خۆشحاڵییەوە لە ساڵی 2021ـەوە ئەو بودجەیە دەستیپێکردووەتەوە”.