بە بڕیاری مەسرور بارزانی نرخی نان و سەموون هەرزان دەکرێت

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون بە هەزار دینار دەفرۆشرێت. هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت، “رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر و دادەخرێت”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.  

بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، بڕیارەکە لەبەر بەرژوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی دەرکراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، “هەر نانەواخانە و سەموونخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر و دادەخرێت”.

لەبارەی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان؛ قائیمقامی ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، “خاوەن سەموونخانە و نانەواخەکان دڵنیا دەکەینەوە، بەرژوەندیی ئەوانیش دەپارێزین؛ چونکە چەند بڕیارێک لە بەرژوەندیشدا دراوە، لەوانەش کەمکردنەوەی سەدا 50ـی کرێی کارەبا لەسەر سەموونخانە و نانەواخانەکان. هەروەها  ئەو ئاردەی ئەوان بە نرخێکی گران لە بازاڕەکاندا دەیکڕن، حکومەت پاڵپشتییان دەکات بۆ ئەوەی ئاردەکە بە نرخێکی هەرزانتر لە کارگەیەکی گەورەی ئاش کە لە سنووری پارێزگای هەولێرە، بکڕن. هاوکات گازی شلیش بە نرخێکی هەرزانتر پێیان دەدرێت”.

بڕیارەکە، وەکو ئەوەی قائیمقامی ناوەندیی هەولێر باسی کرد، رۆژی 07-12-2023، لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ ئەوەی بەسەر هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا گشتاندنی بۆ بکرێت و، ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانیش کراوە بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بگیرێتەبەر.

نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بڕیارەکە وەکو راگەیەندراوێکی فەرمی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنن و ئاراستەی نانەواخانە و سەموونخانە دەکەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، پێشتریش 10 نان و سەموون بە هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام دواتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و زەیت، نرخەکەیان بەرزبووەوە.

ھەواڵی زیاتر