د. شێروان نانەکەلی: پێویستە مەجالێک بدرێتە سیستمی بەرگری لەش خۆی بەرگری لەخۆی بکات

بەکارهێنانی هەر دەرمانێک بە شێوەیەکی نازانستی و ناپێویست و لەڕادەبەدەر، نەک تەنها بێسوودە بەڵکو بگرە زیانبەخش دەبێت و پاش ماوەیەک لە بەکارهێنانی جەستەی مرۆڤ لەگەڵی ل ێڕادێت.

د. شێروان نانەکەلی پزیشکی پسپۆری فیسیۆلۆجی و شارەزای گشتی، هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات و داوایان لێ دەكات تا دەکرێت دەرمانی دژەبەکتریا بەکار نەهێنن مەگەر زۆر پێویست بێت و لەسەر ڕاسپاردەی پزیشکی پسپۆڕ بێت.
د. شێروان نانەکەلی بەداخە كە لە هەرێمی ئێمە و لە زۆرێک لە وڵاتانی دەوروبەر، دەرمانی دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆتیک) بەهۆی زێدەڕەویی لە بەکارهێنان یان بەهەڵە یان کەمتر و زیاتر لە بڕی پێویست یان ماوەی کورت یان درێژخایەنی ناپێویست كە لای بەشێكی زۆری خەڵك بووە بە (چەرەزات) نەک تەنها بەکتریا ناکوژێت بگرە بەهێزیشی دەکات!
ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوان گەواهیدەری ئەوەن كە ڕۆژانە وەك پزیشك چەندین حاڵەتی هەوکردن لە جەستەی نەخۆشەکانیان دەبینەوە کەوا چەندین دەرمانی دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆتیک)ی بەکار هێناوە، بەڵام بێسوود بووە!
دەشڵێت: ڕەنگە کوالیتی هەندێک لەو دەرمانانە نزم بێت و دەرمانی قاچاخ بێت بەڵام ئەوانی تر دەرمانی کوالیتی بەرزن و بەهۆی زۆر بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی ناڕێک و نازانستی و ناپزیشکی ئەوە ئێستا بێسوود و هیچ کاریگەریەکیان نابێ. لەو دەرمانانە ی کەوا تێبینیمان کردووە کاریگەرییان بەرەو کەمی و نەمان دەچێت ( ئەمپیسلی، ئەمۆکسسییلین، سیفکسیم، ئەزیرتۆمایسین، جێنتامایسین، سیفتریاکسۆن، میترۆنیدازۆڵ (فلاجیل) سیپرۆفلۆکساسین، کفلکس، تێتراسایکلین و هەندێکی تریش بە ڕێگاوەن.
هەر بۆ زانین هەمان ئەو دەرمانانەی سەرەوە لە وڵاتەکانی ئەوروپا وەک نموونە ئەوە زۆر کاریگەرن و بۆ چارەسەری توندترین هەوکردنەکان بەکار دێن.
هەروەها ئەگەر چارەسەریەکی گونجاو بۆ ئەو دیاردە ترسناکە نەدۆزرێتەوە ئەوە ژمارەیەکی زۆری دەرمانی تر دێنە ئەو لیستە ڕەشەی کەوا کاریگەرییان لەدەست داوە یان زۆر کەم بووەتەوە.
دەرمانی دژەبەکتریا (ئەنتیبایۆتیک) پێویستە تەنها بە ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆڕ و لە دەرمانخانەی یاسایی و رێگەپێدراو و بە بڕێکی دیاریکراو بدرێتە ئەو نەخۆشانەی کەوا پێویستیان پێیەتی.
د. شێروان نانەکەلی ئامۆژگاریی نەخۆشەكان دەكات بەوەی كە پێویستە بزانێت کەوا:
1- پەسیو و هەڵامەت نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بە ئەموکسیل و سوپراکسی چاک نابێتەوە!
2- هەوكردنی قوڕگ پێویستی بە دەرمانی ئەنتیبایۆتیک نییە.
3- ناکرێت و نابێت و پێویست ناکات هەموو راچێتەیەک دەرمانێکی دژەبەکتریای تێدا بێت.
4- پێویستە مەجالێک بدرێتە سیستمی بەرگری لەش خۆی بەرگری لەخۆی بکات و ناکرێت بۆ کەمترین هەوکردن دژەبەکتریا بەکار بهێنین.
5- کۆخە، پژمین، تا و لەرز، هیچیان یەکسان نینە بە بەکارھێنانی دەرمانی دژەبەکتریا!
چارەسەر:
1- نەهێشتن و بنبڕکردنی گشت ئەو دەرمانانەی بێ کوالیتی یان کوالیتی نزمن.
2- کۆنترۆڵکردنی دەرمانخانەکان بە شێوەیەک تەنها دەرمانخانە یاساییەکان و بە ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی دژەبەکتریا سەرف کەن.
3- پێداچوونەوەی زانستی و پزیشکی بۆ سەرجەم راچێتە پزیشکیەکان و ڕێنماییکردنیان.
4- دەرکردن و جێبەجێکردنی بڕیارێک دەربارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەرمانی (ئەنتیبایۆتیک).
ڕەنگە هەندێک لەو پێشنیارانەی وەک چارەسەر باسمان کردووە وەک (خەونێک یان خەیاڵێک) بێتە پێش چاو! بەڵام ئەگەر چارەسەرێکی بە پەلە و گونجاو نەکرێت ئەوە دەرئەنجامەکانی ئەوەندە خراپ دەبێت بە خەون و خەیاڵیش پێشبینی نەکرێت.

ھەواڵی زیاتر