سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه‌ی دهۆك ئاماری كار و چالاكییه‌كان له‌ ساڵی 2023ـدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

هێزی پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه‌ی دهۆك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات دوای پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان توانیویانه‌ چالاكییه‌كانیان له‌ بواری پاراستنی ژینگه‌دا زیاتر بكه‌ن، ده‌شڵێت له‌و ماوه‌یه‌دا توانیویانه‌ 243 سه‌رپێچیكاری جۆراوجۆر ده‌ستگیر بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 3ـی كانوونی دووه‌می 2023) عه‌بدولستار عه‌بدولحه‌مید، گوتەبێژی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە  له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هێزی پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه‌ی دهۆك دوای پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، توانیویانه‌ چالاكییه‌كانیان له‌ بواری پاراستنی ژینگه‌دا زیاتر و به‌رفراوانتر بكه‌ن.

عه‌بدولستار عه‌بدولحه‌مید له‌ به‌شێكی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ ماوه‌ی ساڵی 2023ـدا چه‌ندین كار و چالاكییان له‌پێناو پاراستنی ژینگه‌ و پاككڕاگرتنی ئه‌نجام داوه‌.

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌ له‌ ساڵی 2023ـدا توانیویانه‌ 550 پشكنین بكه‌ن ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ دره‌ختی لێ ده‌چێندرێت، هه‌روه‌ها توانراوه‌ 243 سه‌رپێچیكاری جۆراوجۆر ده‌ستگیر بكه‌ن، له‌وانه‌ 33 داربڕ، 29 نێچیرڤانی گیانه‌وه‌ر و باڵنده‌، 181 ماسیگر، هه‌روه‌ها 209 به‌ڵێننامه‌ له‌لایه‌ن سه‌رپێچیكارانه‌وه‌ پڕكراوه‌ته‌وه‌.

عه‌بدولستار عه‌بدولحه‌مید هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد، 177 كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و رێكخراو و كه‌سانی‌ ژینگه‌پارێز ئه‌نجام داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاگاداری پاراستنی ژینگه‌ بن.