هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزیری تەندروستی: ٢ملێۆن‌ و ١٣٨هەزار و ٣٩٩ ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا دابین کراوە و لە سەرەتای مانگی دابێتەوە، هەڵگرتنی كارتی ڤاكسین دەبێتە مەرج

د. سامان حسێن بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: لە مانگی داهاتووەوە هەڵگرتنی کارتی ڤاکسین ڤیزای ئەلیکترۆنی یان پشکنینی هەفتانەی PCR دەبێتە مەرج بۆ دەوام و فەرمانگە و زانکۆ و شوێنە گشتیەکان.

لە پەیامێكی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستیی هەرێم سەبارەت بە پرۆسەی پێدانی ڤاکسین ڕایگەیاند: تاڕادەیەک بەرەوپێشچوون هەیە لە بەشداربوونی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژەڤایرۆسی کۆرۆنا، سێ جۆر ڤاکسینی کاریگەر و ڕێگەپێدراو بەردەستە.

گوتیشی: لەگەڵ لێژنەی باڵای ڤاکسین پێدانی ژەمی زیادەکی (سێیەم) لایەنی زانستی و ڕێکار و ڕێنماییەکان تاوتوێ کراوە، لە ئایندەیەکی نزیک بڕیاری پێدانی ژەمی سێیەم دەدەین.
هاوكات لە مانگی داهاتووەوە هەڵگرتنی کارتی ڤاکسین ڤیزای ئەلیکترۆنی یان پشکنینی هەفتانەی PCR دەبێتە مەرج بۆ دەوام و فەرمانگە و زانکۆ و شوێنە گشتیەکان.
د. سامان بەرزنجی ئاشكراشی كرد كە: لە دواهەمین هەڵکشانی شەپۆڵی سێیەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆمان دەرکەوت کە ڤاکسین ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینی لە دووربوون لە تووشبوون و داخڵبوونی نەخۆشخانە و مردن، بەڵام بەداخەوە کارەساتی مردنی خستە ناو ئەو کەس و خێزانانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتبوو.
وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕوونیشی كردەوە كە ئامانجیانە 3،255،980 هاووڵاتی (سەرووی 18 ساڵان) و 4،366،500 هاووڵاتی (سەرووی 12 ساڵان) پێكوتەیان پێ بدرێت و هاوكات ٢ملێۆن‌و١٣٨هەزارو٣٩٩ ژەم دابین کراوە.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستە ڕوو 180 سەنتەر و 45 تیمی گەڕۆکی ڤاکسین لە هەرێمی كوردستان هەیە و ڕۆژانە ڤاكسین دەدەن بە خوازیاران و تائیستا ملێۆنێک‌و٥٢٢هەزارو٥٧ ژەم بەکار هاتووە بەم شێوەیە:

  • 908،157 ژەمی یەکەم (28%) سەرووی 18 ساڵان و (21%) سەرووی 12 ساڵان.
  • 613،900 ژەمی دووەم (19%) سەرووی 18 ساڵان و (14%) سەرووی 12 ساڵان.