بۆ سەری ساڵی نوێ، سەدان هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان

ساڵ بە ساڵ ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و دەبووژێتەوە، بەتایبەتی لە سێکتەری گەشتوگوزار، لە ڕۆژانی سەری ساڵ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان جمەیان دەھات لە گەشتیاران، بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار سەدان ھەزار گەشتیار بۆ ئاھەنگەکانی سەری ساڵی نوێ ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، ھەموو ڕێکارێکی ئەمنیش گیرابووە بەر بۆ کارئاسانیی گەشتیاران، دەستەی گەشتوگوزاریش لە بازگەکان لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان ڕێنمایی بە گەشتیاران دەدا.

ساڵ بە ساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەوەش وای لە سەرمایەدار و وەبەرھێنەران کردووە کە ڕۆژبەڕۆژ پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکەن، ئێستە زیاتر لە سەد کۆمپانیای گەشتیاری گرێبەستی ھێنانی گەشتیار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریان ھەیە، ئەو کۆمپانیانە ڕۆژانە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە، ھەتا لە وڵاتانی دیکەوە گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان.

گەشتیاران بە بینی دیمەنەکانی کوردستان خۆشحاڵ بوون
مریەم عەبدوڵڵا، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، دەڵێت: کەش و ھەوای کوردستان زۆر خۆشە، جگە لەوەی دیمەنی زۆر جوانی ھەیە، ئەوەش وای لە ئێمە کردووە کە لە بۆنەکاندا گەشت بۆ ھەرێمی کوردستان بکەین.
ئەو گەشتیارە، دەشڵێ: لە بازگەکان ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران کرا بوو، جگە لەوەی خەڵکی کوردستان ڕوو خۆشن، ئەوەش وای لە ئێمەی گەشتیاران کرد کە ماوەیەکی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بمێنینەوە، ھیوادارین کوردستان ھەروا خۆش و ئاوەدان بێت.
کازم نوری، گەشتیارێکی دیکەیە، ڕایگەیاند: ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان جیاواز بوو لە ھەموو ساڵەکانی دیکە، ھەر ئەوەش وای کردبوو کە ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆرتر ڕوو لە ناوچەکە بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، ھەموو بۆنەکان لەگەڵ برادەران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەین.

بۆ پێشوازیی لە گەشتیارانی سەری ساڵ ئامادەکاری باش کرابوو
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بۆ پێشوازیی لە گەشتیارانی سەری ساڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانمان ڕاسپارد بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران شوێنەکانیان بڕازێننەوە و ئاھەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بە بەشداری ھونەرمەندانی نێوخۆیی و بیانی ساز بکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، گوتیشی: لەگەڵ ئاسایشی بازگەکان ھاوئاھەنگیمان کردبوو و ئاسانکارییەکی زۆر کرا بوو بۆ ھاتنی گەشتیاران، لە بازگەکانەوە گرووپە گەشتیارییەکان بە چوار خولەک بەڕێ دەکران کە بێنە نێو شارەکانەوە و لیژنەکانی ئێمەش لە بازگەکان بوون بۆ ئەوەی دیوێکی جوانی میواندارێتیی پێشانی گەشتیاران بدەین، چەند لیژنەیەکمان پێکھێنا بوو بۆ ڕێگری لە قۆرخکاریی نرخ و ناچارکردنی خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان بۆ ھەڵواسینی نرخ، ھێڵی گەرمیشمان ھەبوو.
لەلایەکی دیکەوە فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، ڕایگەیاند: بەھۆی ئەوەی ناوچەکەمان سەرنج ڕاکیشە، ئامادەکاری لە شوێنە گەشتیارییەکان کرابوو، چەند لیژنەیەک بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران پێک ھێنرابوون و ناوچە گەشتیارییەکانیش ھەمووی کراوە بوون و ھەزاران گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتییارەکان کردبوو.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی ھەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات: لە ١١ مانگی ساڵی ڕابردوو حەوت ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار و سەردانیکەر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەو ژمارەیەش بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزار ژمارەیەکی پێوانەییە.
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدات لە ھەر چوار وەرزەکەدا گەشتیار بھێنێتە ھەرێمی کوردستان. ئیبراھیم عەبدولمەجید، ئاماژەی بەوەشکرد: ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە ھاوین و بۆنەکاندا گەشتیاران سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستە لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەو گەشتیارانە پێکھاتوون لە گەشتیاری ناوخۆیی، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ھەروەھا ئەو گەشتییارانەی پێیان دەگوترێت گەشتیاری نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەشدا: بە بەراورد بە تەواوی ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەکە زۆر زیاتر بووە.

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ھەزار و حەوت سەد و ھەشت شوێنی گەشتیاری ھەن
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە ھەرێمی کوردستان دوو ھەزار و حەوت سەد و ھەشت شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمارکراون، لەوانە حەوت سەد و چواردە کافتریا، پێنج سەد و ھەشتا و نۆ شاری یاری، پێنج سەد و نەوەد و نۆ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، پەنجا و چوار کۆمەڵگەی گەشتیاری، چوار سەد و شەست ھۆتێل، دوو سەد و ھەشتا و دوو مۆتێل، بەسەریەکەوە دەتوانن پازدە ھەزار گەشتیار لەخۆ بگرن.
ئییراھیم عەبدولمەجید، ئەوەشی خستەڕوو: لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ھەموو ھەوڵێکمانداوە پێداویستی پڕبکەینەوە، کە دیارە ئەم سێکتەرە ھێشتا پێویستی بە کارکردنی زیاتر ھەیە، ئەوەی ئێستەش ھەیە دڵخۆشکەرە و گەشبینین بەوەی ئەمساڵ بتوانین زۆرترین خواست و پێداویستی گەشتیاران پڕبکەینەوە.
ئەو پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییانەی کە بۆ سەری ساڵ دانرابوون سەرکەوتوو بوون
وەکو بەرپرسانی ئەمنی و قایمقامی قەزاکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: پلانی ئەمنی سەرکەوتوو بووە و ھیچ ڕووداوێک ڕووینەداوە کە شایەنی باس کردن بێت. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر، ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا بەڕێگەی وشکانی و لە بازگەکانەوە نزیکەی دە ھەزار گەشتیار ڕوویان لە شاری ھەولێر کردووە بەمەبەستی بەشداریکردن لە بۆنە و ئاھەنگەکانی سەری ساڵی نوێ.
قایمقامی ھەولێر، گوتیشی: ئەو پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییانەی کە بۆ سەری ساڵ لە پارێزگای ھەولێر دانرابوون، بەوپەڕی سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و ھیچ کێشە و ئاریشەیەکی ئەوتۆ کە شایەنی گوتن بێت دروست نەبوو، گەشتیارانیش دڵخۆش بوون بە ھاتنیان بۆ ھەولێر.

ھەواڵی زیاتر