ساڵی ڕابردوو لە ئیدارەی سۆران سێ سەد و حەفتا و نۆ پڕۆژە جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ساڵی ٢٠٢٣ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە شەش شارۆچکە و چواردە شارەدێ لە خۆ دەگرێت سێ سەد و حەفتا و نۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: بۆ ئەمساڵیش کاروانی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت و ژمارەیەک پڕۆژە لە نێویاندا پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێ دەکرێن، کە یەکێک لەو پڕۆژانە ڕیسایکلینە، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەر داوە کە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پڕۆژەیەکی دیکەش ئۆڤەر پاسی دەروازەی سۆرانە، کە پڕۆژەیەکی گرنگە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣، سێ سەد و حەفتا و نۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراون، بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووانان بودجەکە بۆ شارۆچکەکان تەرخان کراوە، سەد و چل و حەوت پڕۆژە لە بواری ڕێگەوبان، حەفتا پڕۆژە لە بواری کارەبا، شەست و شەش پڕۆژە لە بواری ئاو، پەنجا و حەوت باڵەخانە و سی و نۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراون.
پڕۆژەی دەروازەی دیانای کۆن، نزیکەی سێ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە ڕێگەیەکی یەک سایدەوە کراوەتە چوار ساید و جوانکاری بۆ کراوە، دار زەیتوونێکی نۆ سەد ساڵی بووەتە سیمبوولی دەروازەکە وەکو ھێمایەک بۆ کۆنی شارەکە، ھاووڵاتییانیش دڵخۆشن بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داتا و ئاماری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی خستەڕوو، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە و پڕۆژەیەکی زۆرمان ئەنجامداوە، کە پڕۆژەی ستراتیژی و مامناوەند بوونە بۆ ئەمساڵیش ژمارەیەک پڕۆژە لە نێویاندا پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن، کە یەکێک لەو پڕۆژانە ڕیسایکلینە، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەر داوە کە ئەو پڕۆژە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پڕۆژەیەکی دیکەش ئۆڤەر پاسی دەروازەی سۆرانە، کە پڕۆژەیەکی گرنگە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: پرۆژەکانی دروستکردنی ڕێگەی کۆڵانەکان و ڕێگەوبانی دەرەوە کە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند و ستراتیجین لە گرنگترین پرۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بوونە لە بواری ڕێگەوبان، لە بەرنامەدایە ھیچ گەڕەک و شەقامێک نەھێڵین، کە قیڕتاو نەکرا بێت، ھەروەھا فراوانکردنی ڕێگە و بە دووسایدکردنی ڕێگەی سۆران – چۆمان لە ھەوڵەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیومانە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ پڕۆژەی ستراتیجی جێبەجێ بکەین و پڕۆژە تەواونەکراوەکانیش بە کۆتا بێنین، پڕۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاسی سۆران یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیجییەکان کە سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەردا بۆ جێبەجێکردنی، جووڵەی بازرگانی فراوانتر دەکات، ھەروەھا بڕیارماندا ھیچ پڕۆژەیەک بەھۆی وەرزی زستان بە فەرمی نەوەستێت واتە پڕۆژەکان بەردەوامیان ھەبووە و بەردەوامیش دەبن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر دەڵێ: ئیدارەی سۆران دەبێتە خاوەنی سێ دەروازەی سنووری، بە کردنەوەی سەنتەرێکی بازرگانی لە سۆران ئاستی بازرگانی و وەبەرھێنان دەخاتە قۆناغێکی باشتر، بەچاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران کۆتایی پێ دەھێنین، کە یەکێکە لە پلانەکانی ئیدارەی سۆران، ھەروەھا بەپاڵپشتی وەزارەتی پەروەردە گرفتی نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکان و قوتابخانەی سەرخۆڵ لە شوێنە دووردەستەکان چارە دەبن، لەگەڵ ئەوەی گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و چارەکردنی گرفتەکان ھەوڵی جددی ئیدارەی سۆرانە، ھەروەھا سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر یەکێکە لە پلانە گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ٢٠٢٤ بەتایبەت لە گوندەکان سەرەتاش لە ٣ گوند ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە پڕۆژەکانی ئاویش، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: ٧٥% کێشەی ئاوەڕۆکان لە ئیدارەی سۆران چارە کراوە و ئەو پڕۆژانەی کە ماون کۆتاییان پێ دەھێنرێت، ئیدارەی سۆران ئامانجیەتی کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆی سۆران پرۆژەی بەکارھێنانەوەی ئاوی قوڕس کاری لەسەر بکرێت، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ گرفتی ئاوی خواردنەوە لە ھەموو شوێنێک چارە بکەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕوونیشیکردەوە: ھەوڵ دەدەین ئەمساڵ بەرووبوومی کشتوکاڵی لە سنووری ئیدارەی سۆران ھەناردەی دەرەوە بکەین، ھەروەھا کار لەسەر دروستکردنی بەنداو و گۆماوەکان دەکەین.

ھەواڵی زیاتر