پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایار، دەنگەكانی زۆر كەمی كردووە، بەڵام هەر پارتی یەكەمە و ئەوەی مەترسیشە بۆ ئەو پارتە، زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستداوە، تەنانەت ئەگەر بەدەنگی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)ـی هاوپەیمانیی نەبێت، زۆرینەی پەرلەمان نین. بەڵام دەنگدەری باكوور، هەمیشە پاڵپشتی ئاكەپە بووە بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانی توركیا ببێتە زۆرینە.
ئاشكرایە، پارتی یەكەم لە باكووری كوردستان، بەگوێرەی كورسی پەرلەمانی، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ـیە، كە ئێستا بووەتە پارتی (دەم)، بەڵام ئاكەپەش پێگەیەكی گەورەی لە باكوور هەیە و توانیویەتی بەردەوام 35 بۆ 40 كورسی پەرلەمانی تەنیا لە باكوور بەدەستبهێنێت، ئەگەر لە تەواوی توركیاش بڕوانینە ەنگی كورد، ئاكەپە زۆرینەیە، واتە زۆرینەی كورد لە تەواوی توركیا و باكووری كوردستان دەنگ بە ئاكەپە دەدەن.
لە هەڵبژارنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی 2018، باكوورییەكان، پشتیان لە ئاكەپە كرد، وەكوو هەڵبژاردنەكانی پێشووتر دەنگیان پێی نەدا، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكان، بۆیە ئاكەپە زۆرینەی لەدەستدا و بە دەنگی مەهەپەی هاوپەیمانیی توانیان لەناو پەرلەمانی توركیا ببن بە زۆرینە و یاساكان تێپەڕێنن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە چەندین میتینگدا گوتوویەتی، ئەگەر بتوانێت ببێتە سەرؤككۆماری توركیاش، بەڵام ئەگەر پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا زۆرینە نەبێت، سوودی نییە، چونكە ناتوانێت هیچ بڕیارنامەیەك دەربكات.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، سەرؤككۆمار هەر بڕیارنامەیەك دەربكات، پێویستە لەناو پەرلەمانی توركیا بە 50+1 دەنگی پەرلەمانتاران یاسایەكە تێپەڕێت، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی زۆرینەی پەرلەمان لە دەست بدەن، پۆستی سەرؤككۆماری توركیاش ببەن هیچ سوودێكی نییە و بایەخی نییە. لەدوا هەڵبژاردندا ئەردۆغان ئەو ترسەى نەما و ئێستا لەگەڵ مەهەپەی هاوپەیمانیی زۆرینەی پەرلەمان، بێگومان دەنگی كوردانیش لە باكوور وایكرد ئاكەپە ئەو دەنگە بهێنێت و ئەردۆغانیش ببێتە سەرؤككۆماری توركیا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا نزیكەكانی سەر بە ئاكەپە بڵاوكراوەتەوە، ئاكەپە لەسەر داوای ئەردۆغان، پلانیان داناوە، دەنگدەری كورد لەگەڵ ئاكەپە ئاشت بكەنەوە، بەتایبەت ئەو دەنگدەرانەی پێشتر دەنگیان بە ئاكەپە داوە و ئێستا بە هەر هۆكارێك بێت لێی توڕەن و دەنگی پێنادەن.
ئاكەپە، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، مەهەپەی هاوپەیمانیی بە تەواوی لەباكوور داببڕێت و بە هیچ شێوەیەك پروپاگه ندە بۆ هاوپەیمانیی (كۆماری) نەكەن، چونكە كورد بەهەموو شێوەیەك مەهەپە رەتدەكاتەوە و یەكێك لەو هۆكارانەشی كه لە ئاكەپە دوور كەوتوونەتەوە، هاوپەیمانیی ئاكەپە بووە لەگەڵ مەهەپەدا، بۆیە ئاكەپە، هەموو هەوڵێك دەدات تا بە كوردەكان بڵێت، نزیكبوونەوە لە مەهەپە بەو مانایە نییە مافی كورد پێشێل بكرێت و فەرامۆش بكرێت.
(عەبدولقادر سەلڤی) ، نووسەری زۆر نزیكی ئەردۆغان، لە چەند وتارێكدا باسی كردووە، كە ئاكەپە بەبێ دەنگی كورد ناتوانێت ببێتە زۆرینە، بۆیە داوای كردووە گرنگی بە كورد بدرێت و تۆراوەكانیان ئاشت بكەنەوە.
ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئاكەپە شكستی هێنا لەوەی كوردە موحافیزكارەكان لەگەڵ خۆیدا ئاشت بكاتەوە، جگە لەوەی چەندین سەرۆك شارەوانیی لە باكوور لەدەست دەدەن، هەروەها شارەوانیی ئیستانبۆڵیش ناتوانن ببەنەوە.
وەكوو چۆن پێشتر ئاماژەمان پێیدا، كلیلی كردنەوەی دەرگای سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا لەدەستی دەنگدەری كورد بووە، بەهەمان شێوە كلیلی بردنەوەی سەرۆكی شارەوانیی (ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا و مێرسین و ئەڵانیا)ـيش، هەر لە دەستی دەنگدەری كوردە و بەبێ دەنگدەری كورد، نە ئۆپۆزيسیۆنی توركیا و نە ئاكەپە و هاوپەیمانە بچووكەكەشی ناتوانن سەركەون.