لایەك لە ماناكانی وشەی (خەو)لە قورئاندا

عومەر چنگیانی

کە گۆشەی زنجیرە ٢٦٦م تەرخانکرد بۆ باسکردن لە (لایەک لە ماناکانی وشەی (برسێتی) لە قورئاندا) و لە لاپەڕە ٧ی ژمارە ٣٥٥٩ چوار شەممە ٣ ی ١١ ی ٢٠٢١ دا بڵاوکراویەوە، وام پێ خۆش بوو بیکەمە زنجیرەیەک و هەر جارە و وشەیەکی نێو قورئانبێنم، وەلێ لەبەر نەخۆشیی و دووریم لە کوتوبخانەکەم، بۆم نەڕەخسا و گۆشەکانی دیکەم بۆ بابەتی تر تەرخانکرد و، ئێستا خوا یاربێ گۆشەی ئیمڕۆم تایبەت دەکەم بە وشەی (خەو) لە قورئاندا کە بە چەند شێوە بەکار هاتووە.
یەکەم: سینە(سنە): بۆ ئەوکەسە بەکاردەهێندریت، کە سەرەتای خەوبردنەوەیەتی و، کورد ئەڵێ وەنەوز دەدات، خەوەنووچکە دەیباتەوە، کە سەیری دووسەد و پەنجا و پێنج هەمین ئایەتی سورەتی (ئەلبەقەرە)دەکەین دەبینین لەو ئایەتەدا کە ناوی (ئایەتەلکورسی)یە باس لە سیفەتی گەورەیی و هەر دەم بە ئاگایی خوا دەکات و دەفەرمێت: (نە خەوەنووچکە و وەنەوز دەیباتەوە و نە خەوی پیا دەکەوێت).
دووەم: نوعاس(نعاس): بۆ ئەو کەسە بەکار دێت کە سەرەتای
خەولێکەوتنەکەیەتی، کورد دەڵێ تازە خەوی لێکەوتووە، بەخەودا کەوتووە، خوا گیان لە یەکێک لەباسەکانی داستانە پڕ لەسەروەرییەکەی (بەدر) دا، لە یازدەیەمین ئایەتی سورەتی (ئەنفال)دا باس لەو چرکە ساتانە دەکات کە چۆن یاران خوایان لێ ڕازی بێت لە متمانە بەخوا بوونی تەواویانەوە، وەک نە بایان دیبێت، نە بۆران و، نە گۆڕەپانەکە گۆڕەپانی شەڕو ڕووبەڕوو بوونەوە و دەستە و یەخەبوون بێت، (لە میهرەبانی خواوە خەوبردنیەوە و چوون بەخەودا).
سێیەم: هوجوع(هجوع): خەوی پچڕپچڕ، خوا گیان لە پێدا هەڵگوتنی بڕواداراندا کە تەنانەت خەوی شەویشیان جێگیر نییە و، لە ترسی خوا بە کەمیی نەبێت نایش خەون، لە حەڤدەهەمین ئایەتی سورەتی (زاریات)دا دەفەرمێت: (کەمێک لە شەو نەبێت ناخەون وخەوەکەشیان پچڕ پچڕە).
چوارەم: روقود(رقود): خەوی درێژ، خواگیان لە باسە پڕ لە
وانە خواییەکەی پیاوانی ئەشکەوتدا کە باس لە خەوە درێژەکەی ئەو تاقمە گەنجە لە ستەم هەڵاتووە دەکات، لە هەژدەهەمین ئایەتی سورەتی (کەهف)دا دەفەرمێت: (گەر بوایە و بتبینینایە شێوازە پڕ لە موجیزە خەوپیاخستنەکەیان بە شێوازێک بوو، وات دەزانی هان بە ئاگا و، هاوکات ئەوان لەخەوێکی قووڵ و توولانیدا بوون).
پێنجەم: قەیلولە(قیلولە): خەوتن لە ڕۆژدا، گەرچی لای هەندێک وایە کە ئەم دەستەواژەیە تەنها بۆ ئەو خەوە بەکاردێت کە لەکاتی گەرمەی نیوەڕۆدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەر خەوێک بکەوێتە ڕۆژەوە هەمان وشەی بۆ بەکاردێت و لە چوارەم ئایەتی سورەتی (ئەعراف)دا خواگیان باس لە خەشمی خۆی دەکات لەبارەی هەندێک خەڵکەوە و دەفەرمێت: (زۆرێک هەن لەو ئاوایینشینانەی کە تۆڵەمان لیسەندن و بە تالووکەدا بردمن لەکاتێکدا کە ئەوان لە پشووی شەوانیاندا بوون یان لە نیوەڕۆ خەودا بوون) .
خوێنەری بەڕێز: دەکرێ ئەم جۆرە خەرمانە گوڵانەی من خزمەت بێت بە زمانەکەی ئارەو و، والێک بدرێتەوە، وەلێ ئەوەی لای من گرنگە توانیبێتم بە زمانێکی سادە ئەوە بگەیێنم کە دەم دان لە قورئانەوە، کاری هەرکەس نییە.

ھەواڵی زیاتر