دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشی درۆنی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی درۆنی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە: “بە توندی سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، کە لە بەرواری30/12/2023، لە سنووری پیرمام-هەولێر لەلایه‌ن گروپە لە یاسا دەرچوەکان ئەنجام درا”.

وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند: “سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، زامنی ئارامی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەشە. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حکومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین، کە هاوكارو پاڵپشتمان بن بۆ راگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسانە، کە دەبێتە هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی”.

دەشڵێت: “داوا دەكەین کە هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستیانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەنرێن. دووپاتیشی دەکەینەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت”.