چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پەیــــامی سوپــــاسگوزاری

د. ڤیان سلێمان

دوای سیانزە ساڵ کار کردنم وەکوو سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە دوو کۆنگرەی یەک لەدوای یەک، لە ئابی ٢٠١٠ ؛ ئەوپەڕی مایەی خۆشحاڵیم بوو، کە دوێنێ ٢٣/١٢/٢٠٢٣ لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەی نۆیەمی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە، دوای بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکەی پێم سپێررا، وەکوو نەریتێکی کاری ڕێکخراوەیی لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڤاڵێکی دیکەم، ئەرکی سکرتێری ڕێکخراوەکەی وەرگرت.
سوپاسی بێ پایان بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی، کە پشتیوانی جەنابیان لەو ماوەیە هێزی بەردەوامی پێ داوم. سوپاس بۆ جێگرانی سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و هەڤاڵانم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، هەڤاڵانم لە بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان، هەموو بەرپرس و هەڤاڵانی کارگێڕی لقەکان و گشت کادیرانی پارتیمان.
سوپاس بۆ هەڤاڵانم ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت لە ساڵانی پێشووتر، هەروەها هەڤاڵانم ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت، کە لە دەستپێکی کۆنگرەی هەشتەوە وەکوو یەک تیم هاوشانی سەرجەم کادیرانی ڕێکخراوی دایک، کاروانی تێکۆشانی یەکێتی ئافرەتانمان درێژە پێدا و توانیمان ڕێکخراوەکە ببەینە ئاستێکی بەرچاو لە پێشکەوتن.
لە سایەی ئەم هەوڵە دەستەجەمعییە و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکانمان، مایەی شانازیمانە، کە ئەمڕۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، نەوەک تەنیا وەکوو ڕێکخراوێکی ئافرەتان، بەڵکوو وەکوو بزاڤێک بۆ لەخۆگرتنی پرسی ئافرەت، ڕێکخراوێکی خاوەن پەیام و ڕوانگە و پرس لە ئاستی تیۆری و کرداری سەرمەشقی بزاڤی یەکسانیخوازی ئافرەتانی کوردستانە.
لە سۆنگەی بڕوای تەواوم بە چەند پرەنسیپێک، لە ڕوانگەی بەهاکانی پارتایەتیم هەڵقوڵاو لە بنەماکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بەشی زۆری کاتەکانی ژیانم تەرخانی خزمەتکردن بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەمان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پرسی ئافرەت وەکوو پرسێکی مرۆڤایەتی، کردووە.
لە ساڵانی کارکردنم وەکوو سکرتێری ئەم ڕێکخراوە، لە چەندین تەوەرەوە، سەرەڕای درێژەپێدانی کاروانی دوورودرێژی مێژووی خەباتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و پابەندی بە کارنامە و پرۆگرام، بڕوام وا بوو، کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەبێت، لەڕووی وزەی مرۆیی پشت ئەستوور بە گرنگی ڕۆڵ و توانای مرۆڤ لە پێشخستنی هەر دامەزراوەیەکدا، خاوەن کادیرانێکی خاوەن ئەزموون و بڕوانامە بێت.. تێگەیشتنی ڕێکخراوەکە بۆ پرسی ئافرەت و نموونەی ئافرەتی کوردستانی لە ڕووی تیۆرییەوە پێناس بکەین، ئەوەش ببێتە بنەمای چالاکییەکانمان، وێڕای بەشەکانی خۆی، یەکێتی ئافرەتان خاوەن دامەزراوەی دیکە بێت و بتوانێت زیاتر و زانستیانە تر کار بۆ پرسی ئافرەت بکات. هاوکات لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان خاوەن ڕۆڵ و کاریگەری بێت..
ئەوەی کراوە و هەر چی پێشکەوتنێک کە بەدەست هاتووە، ئاکامی کاری یەک تیمی و هەوڵی هاوبەشی هەموو کادیرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە..
ئەوپەڕی سوپاس و خۆشەویستیم بۆ یەک بە یەکی کادیرانی دڵسۆز و ماندوونەناسی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و کادیرانی سکرتاریەت، کادیرانی ئەنجوومەن و ناوەندەکان، سەرجەم ئەندامانی یەکێتی ئافرەتان و هیوام پێشکەوتن و بەختەوەریتانە.
هیوای ئەوپەڕی سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ هەڤاڵانم، کە لەم کۆنگرەیەدا ئەرکی سکرتێر و سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانیان پی سپێرراوە و هیوام وایە سوود لە دەرفەتی ڕەخساندنی خزمەت لە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەدا وەربگرن و پێگەی یەکێتی ئافرەتان بپارێزن و زیاتر بەرەو پێشی ببەن.