کاریگەرییە ژەهراویەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

فاتم مزوری

جیهانی ئەمڕۆمان کە بە تەواوی پەیوەستە بە یەکەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش هێزێکی بێئەندازەیان هەیە، بەکارهێنەر هەیە بە شێوازێکی دروست کەڵکی لێ وەردەگرێت و هەشە بە شێوازێکی نادروست و خراپ بەکاری دەهێنێت. بەم شێوەیەش پەروەردەی فەرهەنگی ناتەندروست دەکات و تاکێکی لاواز و جنێوفرۆش بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ئەم بابەتە داوای بایەخ و هۆشیارکردنەوەیەکی پەلەمان لێ دەکات. وەک تاکێک دەبێت دان بە کاریگەرییە خراپەکان و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بنێین. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە ناوەڕۆکی جیا جیا، پەیکەری کۆمەڵایەتی لاواز دەکات، فەرهەنگێکی ناشارستانی و پڕ لە دژایەتی پەروەردە دەکات. جگە لەوەش، گرنگە لە ڕووی تەندروستی دەروونییەوە تاکەکان بەهێزتر بن بۆ ئەوەی بەسەر کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا زاڵ ببن. لە کاتێکدا سۆشیالمێدیا دەرفەتی بێهاوتای دەخاتە ڕوو، بەڵام خراپ بەکارهێنانی دەتوانێت بناغەی کۆمەڵگە بشێوێنێت. بۆیە بە پەرەپێدانی هۆشیاری، پێشخستنی بەرپرسیارێتیی دیجیتاڵی و یەکەمایەتیدان بە خۆشگوزەرانیی دەروونی، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی تاکی خۆڕاگر و ڕێزدار و بەهێزکراو وەربگرینەوە.

ھەواڵی زیاتر