ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی سیاسی ئه‌مەریكا داوا له ئیدارەی بایدن ده‌كات هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پارچه سه‌ربه‌خۆیه‌ی کورد کە له رۆژئاوای كوردستان هه‌یه؛ له چاوتێبڕینی هێزه هه‌رێمایه‌تییه‌كان بپارێزێت. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، کورد لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی سیاسەتی عێراق.
کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئه‌مەریكا داوا لە ئیدارەی بایدن ده‌كات ئەزموونەکانی ئۆتۆنۆمی کورد لە عێراق و سووریا بپارێزێت، “چونکە هەردوو ئه‌زموونه‌كه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتری زلهێزەکانی ناوچەکە له‌وانه ئێران و تورکیا بوونه‌ته‌وه”. لەبەر ئەوەی واشنتۆن رۆڵی هه‌بووه لە دامەزراندنی ئەو دوو هەرێمە کوردییە لە عێراق و سووریا، بۆیه گۆڕانی جیۆسیاسییه‌كانی ئه‌مدواییه له‌و دوو وڵاته، رەنگە ئه‌مەریكا ناچار بکات زیاتر بەشداری لە پاراستنی كورد بكات.
راپۆرتەکە نووسیویه‌تی: “پێده‌چێت هەوڵەکانی بەغدا بۆ سنووردارکردنی ئۆتۆنۆمی کورد لە باکوور پەرەی سەندبێت، به‌جۆرێك له‌دوای ئۆکتۆبەری 2017ەوە دۆخەکە به‌دڵی كورد نییه، كه دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام حکومەتی عێراق ریفراندۆمی وەک بیانوویەک بەکاری هێنا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هەرێمی کوردستان”.
له راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە مافی کورد بۆ هەرێمێکی فیدراڵی لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005دا هاتووە، بەڵام چیتر کورد هەست بەوە ناکات کە ماددەیەکی لەو شێوەیە لە گرنگترین بەڵگەنامەی وڵات‌دا بتوانێت گەرەنتی ئۆتۆنۆمیەکەی بکات.
كۆڕبه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌مەریكی دووپاتیكردووه‌ته‌وه، کورد لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا یاریزانێکی سەرەکی پێکهاتەی سیاسەتی عێراق بووه، سەرکرده‌كانی كورد رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە پاراستنی عێراق وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو، بەتایبەتی لە ماوەی خوێناوی ساڵانی 2006 بۆ 2007، کە شایەتحاڵی توندوتیژی تائیفی سووننە و شیعەکان بوو، لەکاتێکدا کورد رۆڵی نێوەندگیری گێڕا، کە دواجار بووە هۆی رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی عێراقی نوێ.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو راستییە کراوە کە حکومەتی ناوەندی لە بەغدا، لە چەند مانگی رابردوودا حکومەتی هەرێمی لە چەندین سەرچاوەی دارایی گرنگ بێبەش کردووە، لەوانە رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی بۆ تورکیا كرد. هاوكات گفتوگۆکانی بەغدا و هه‌ولێر سەبارەت بە پشکی كوردستان لە بودجەی فیدراڵ بێ ئه‌نجام بووه، بۆیه پێدەچێت حکومەتی عێراق تەنیا گرنگی بە چارەسەری کاتیی بدات بە ئامانجی هێشتنەوەی کورد لە ژێر رەحمەتی بەغدا.
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، کورد لە عێراق و سووریا هێشتا خاوەنی کارتی سیاسی و سەربازی بەرچاون و دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ پاراستنی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانیان، جگە لەوەش بەردەوامی بوونی ئەم دوو هەرێمە کوردییە، ئەگەرچی بە فۆرمێکی جیاوازه، ڕەنگە لە رێگەی پابەندبوونێکی ئهمەریكاوە بتوانرێت له‌ده‌ستی زلهێزه هه‌رێمییه‌كان بپارێزرێن، چونكه بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی ئێستای کورد لە هەردوو وڵات، ئه‌مەریكا دەتوانێت ئەولەویەت بدات بە ئامانجەکانی بۆ یارمەتیدانی کورد بۆ رزگارکردنی دەستکەوتە سیاسییەکانیان، ئه‌ویش پێویستی به ده‌ستێوه‌ردانی سەربازی و دیپلۆماسی هه‌یه.