وەزارەتی پێشمەرگە شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی چالاک دەکات

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی چالاک دەکرێت و دەبێتە تاکە سەرچاوەی هەواڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

عەمید عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: پڕۆژەیەکمان هەیە بەناوی ستراتیژییەتی میدیا و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە کە بووەتە یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەی چاکسازی وەزارەتەکەمان، پڕۆژەکە چەندین بابەتی لە خۆگرتووە، گرینگترینیان چالاککردنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیارییە کە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگە و گرێدراوی وەزارەتەکەیە.

هەروەها گوتی: ئێمە مەرکەزییەتی میدیایی دەپارێزین و بەشی تایبەت بە میدیا چالاک دەکەین لە نێو یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە پێناو پاراستنی ژیانی پێشمەرگەکان.

سەبارەت بە ڕووماڵکردنی میدیایی بەرەکانی جەنگ عەمید عوسمان ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە و داوا دەکات ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەکانی جەنگ بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند: نووسراوێکی تر تایبەت کراوە بۆ ناو هێزەکانی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە گوتی: لێدوانی فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگە بۆ تەواوی میدیا و سۆشیال میدیاکان قەدەغە دەکرێت، هەروەها چوونی میدیا بۆ ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکان بە تەواوی قەدەغەیە.

لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە تاکە سەرچاوە دەبێت بۆ زانیاریدان بە میدیاکان، لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئەم فەرمانانە، ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پابەندی بڕیارەکانی وەزارەت نابن.

عەمید عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوە سەرەتایەک دەبێت بۆ چالاککردنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ببێت بە تاکە سەرچاوەی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ میدیاکان.

ھەواڵی زیاتر