حکومەتی هەرێم: تەرمی كۆچبەرە خنكاوەكانی نێوان فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا دەگەڕێنرێنەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی لە فەرەنسا راسپاردووە تاوەکوو کاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی رووداوەکەی نۆکەندی ئینگلیز ئەنجام بدرێت.

فەرمانگەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە لەدوای رووداوی خنکانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە رۆژی 24-11-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە فەرەنسا راسپارد، تاوەکوو هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو رووداوە ئەنجامی بدەن.

ئاماژەی بە ئەوەش داوە: “لەو ماوەیەدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، تەواوی ئەو کارانەیان ئەنجام دا کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواویان هەبوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسا و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌”.

روونیشیکردووەتەوە: “بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا حکوومەتی فەرەنسا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بداتە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بۆئەوەی رێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانیانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان”.

فەرمانگەکە دەشڵێ: “لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەندێک میدیا بڵاوکرایەوە، بە هیچ شێوەیەک فه‌رمی نییه‌ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی فه‌ره‌نسا‌ پشتڕاستیان نەکردووەتەوە، لەدوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش لە چەند رۆژی داھاتوو، به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناسنامه‌ی قوربانییان راده‌گه‌یێندرێت”.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوەتە کەسوکاری قوربانییەکان، ئەوەی پێویست بێت بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییەکان دەیکات و لەسەر ئەرکی خۆی ئەو تەرمانە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر