فەزیله شۆرش – هۆڵەندا
کۆنگرەی نۆیەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە کەش و هەوایەکی ئارام و دیموکراسیانە دەبسترێت و هەموو کۆنگرەکانی بۆ پێشەوەچوون و نوێبوونەوەیەک بووە بۆ بەردەوامیدان بە خەباتێکی بێ پچران لە پێناو ئازادی نیشتیمان و ئافرەت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی شارستان و ئازاد. دادپەروەری کرۆکی کۆنگرەی نۆیەمە و بە پرۆسەیەکی دادپەروەرانە لە نێو کۆنگرە دەستەی کارگێری مەکتەبی سکرتایەت هەلدەبژێردرێ.
بێگومان لەم کۆنگرەیەش ئەنجومەنی ئەوروپا (ئۆڤیسی ئەوروپا)،بە ژمارەیەک مەندوب بەشدار دەبێت،لە بەر نیشتەجێ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان لە تاراوگا لە کۆنگرەی ٦ بریار درا کە ئەم ئەنجومەنە ( ئۆڤیس) لە پایەتەختی هۆلەندا – ئەمستردام دابمەزرێ،لە کۆنگرەکانی حەفت و هەشتیش مندوبی بەشداری کۆنگرەکان بوو.
جێگای شانازیە بۆ هەر ئافرەتێک ببێتە ئەندامی ئەم رێکخراوەیە و خزمەتی دۆزی ئافرەت بکات، بێگومان یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە ئامادەباشیەکی پوخت لە 21 و22ی12ی 2023 کۆنگرەی دەبستێت. گرنگە نەوەکان چ لە تاراوگە چ لە کوردستان کە داینەمۆی پێشکەوتن و دوارۆژی کۆمەڵگەو نیشتمانن، ئاشنای ئامانج و کارو چالاکیەکانی ئەم رێکخراوە پیرۆزە بن، چالاکیەکانی رێکخراو لە خزمەتی ئافرەتان و کۆمەڵگەیە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی نیشتیمانپەروەر، باوەری بە خۆ و بە یەکسانی هەبێت، بێشک رێز لە یەکترگرتن و تەبایی خێزان ئارامی کۆمەڵگەیە هەر بۆیەش یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەم سونگەوە زۆربەی کارو چالاکیەکانی ئەنجامدەدات.
پاش کۆنگرەی نۆیەم ئەم کارو چالاکیە پیرۆزانە بەردەوام دەبێت و بەڵکو کارو چالاکی تریش دێتە کایەوە بۆ خزمەتی ئافرەت و نیشتمان، هیوادارین کۆنگرەی نۆیەم کۆنگریەکی سەرکەوتوو بێت.