بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

ساڵی نوێتان پیرۆز بێت

لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتاى ساڵێکی نوێ نزیکدەبینەوە. ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی تر سەخت بوو بۆ هەرێمی کوردستان. لە ڕاستیدا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە کێشە و قەیرانەکان بەرۆکی هەرێمیان بەرنەداوە، سەرەتای کێشەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە بڕینی بودجە و مووچە دەستیپێک رد. ساڵی ٢٠٢٣ ێش تەواودەکەین هێشتا کێشەی بودجە و مووچە لە لایەن بەغداوە چارەسەرنەکراوە. لە سەرەتای ئەمساڵدا بوو دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد و بڕیارە (نادەستوورییەکانی) ئەم دادگایە لەو کاتەوە بە ردەوامە دژی هەرێمی کوردستان. ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی سەخت بوو بۆ فەرمانبەران و ئابووری هەرێم. ئەوەی بەغدا دەیکات سزادانێکی ڕوونی خەڵکی کوردستانە. هیوادارین بە کۆتاییهاتنی ئەمساڵ بەشی زۆری ئەو کێشانەش کۆتاییان بێت و ساڵی داهاتوو سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمایەکی دروست و پتەو و بە گەڕانەوە بۆ دەستوور دابمەزرێتەوە. لە ئاستی ناوخۆ و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانیش ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی بێ دەسکەوت بوو. سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵی جدی هێشتا دانان و دامەزراندنی چوارچێويعەکی گونجاو بۆ پەیوەندییەکان گەڵاڵە نەکراوە. چوارچێوەیەک کە بتوانێت بەرگەی هەڕەشە و تەحداکان بگرێت. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ژیان و گوزەرانی خەڵک هێشتا لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا نەهاتۆتەوە سەرخۆی. لە کاتێکدا ئەو جەنگە هێشتا بەردەوامە، جەنگێکی تری خوێناوی لە مەیدانێکی زۆر نزیک لە ئێمە بەرپابوە و ئەویش هێشتا بەردەوامە. هەردوو جەنگەکە، جگە لە دەرهاویشتە ئابووری و سیاسییەکانیان، بەهۆی ئەگەری فراوانبوونیان دۆخێکی سایکۆلۆجی و دەروونی ناسەقامگیریان بۆ دانیشتوانی جیهان دروستکردوە. بە کورتی ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێک بوو نەک بۆ هەرێم بە تەنیا بەڵکو بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان ساڵێکی پڕ تەنگژە بوو. هیوادارین ساڵی داهاتوو بۆ هەموو دنیا بە گشتی و بۆ کوردستان بە تایبەتی ساڵێک بێت کە وەرچەرخانی ئیجابی بۆ بەرژەوەندی خەڵک ڕووبدات. هەر لە ئێستەوە و بەو هیوایەی ساڵی داهاتوو ساڵێکی هێنەری خۆشی و کامەرانی دەبێت، پیرۆزبایی گەرم لە خوێنەرانی خۆشەویستی ڕۆژنامەی هەولێر و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم.

ھەواڵی زیاتر