چواس خالید – هەولێر
له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، هه‌لی دامه‌زراندن بۆ ١٦٥ پۆلیسی گه‌شتیاری به گرێبه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێ، دامه‌زراوان بۆ خزمه‌ت له ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار داده‌مه‌زرێن.
وه‌زاره‌تی ناخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان ڕایده‌گه‌ینێ، له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ١٦٥ پله‌ی دامه‌زراندن وه‌كو پۆلیسی گه‌شتیاری به گرێبه‌ست داده‌مه‌زرێندرێن.
به پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌و پۆلیسانه بۆ خزمه‌ت له ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار داده‌مه‌زرێن و هه‌ریه‌كه‌یان له سنووری بەڕێوهبهرایهتیی گشتیی گه‌شتوگوزار له پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان له شوێنه گه‌شتیارییه‌كان خزمه‌ت ده‌كه‌ن.
هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، دامه‌زراوان به‌و شێوه‌یه دابەش دەکرێن: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر سی پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سلێمانی سی پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری دهۆك بیست و پێنج پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ڵه‌بجه پازده پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری سۆران بیست پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری گه‌رمیان پازده پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری ڕاپه‌ڕین پازده پله، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گه‌شتوگوزاری زاخۆ پازده پله.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م مه‌رجانه‌یان تێدایه، ده‌توانن بۆ كێبڕكێی وه‌رگرتن، زانیارییەكانیان تۆمار بكه‌ن؛ پێویسته كه‌سی هه‌ڵبژێردراو ته‌مه‌نی له هه‌ژده ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له بیست و حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت، خووڕه‌وشت و ڕه‌فتار و ناوبانگی باش بێت و به‌هیچ كام له تاوانه‌كانی ئابڕوبه‌ر سزا نه‌درابێت، بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی گه‌شتیاری، یان په‌یمانگه‌ی گه‌شتیاری له یه‌كێك له دامه‌زراوه باوه‌ڕپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست هێنابێت.
هاوكات له مه‌رجه‌كانی باڵا و ته‌ندروستی پێویست بۆ بوون به پۆلیس ده‌ربچێت، پێشدەستیی ده‌درێته كچ و كوڕی شه‌هیدان و ڕه‌چاوی هاوسه‌نگیی ڕه‌گه‌ز به گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ركه‌كه ده‌كرێت له‌كاتی دیمانه‌ی وه‌رگرتن، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌پاڵ زمانی كوردی، زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی یان هه‌ردووكیان بزانێت، له پێشینه‌ی وه‌رگرتن ده‌بێت.
كه‌رتی گه‌شتیاری كه كه‌رتێكی به‌هێزی بوژاندنه‌وه‌ی وڵات و سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕداهاته و هۆكارێكه له جوڵه‌ی بازاڕه‌كان و داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته گیرفانی دانیشتوانی شار و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانه‌وه و ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕژدانه كار له بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته ده‌كات و به‌پێی داتاكان، له چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر له شه‌ست و چوار پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی گرنگ له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه.
هاوكات ژماره‌ی گه‌شتیاریش بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕووه و به‌رزییه و به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پار شه‌ش ملیۆن و سەد و شەست و هەشت هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، ئه‌وه له‌كاتێكدایه، ساڵی ٢٠٢١ ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو، چوار ملیۆن و سەد و هەشتا و نۆ هه‌زار و چوار سەد و سی و یەک گه‌شتیار بوو، به‌و پێیه ژماره‌ی گه‌شتیارانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، پار به به‌راوردی پێرار، ملیۆنێك و نۆسەد و حەفتا و هەشت هه‌زار و چوار سەد و سی و یەک گه‌شتیار زیادیان كردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌مساڵ گه‌لێك زیادتر بێت، كه پێشبینی ده‌كرێت ته‌نیا بۆ سه‌ری ساڵ، دوو سه‌د هه‌زار گه‌شتیار بێنە هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و ژماره‌یه‌ی گه‌شتیاران له‌كاتێكدایه، به رله ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش و ناكۆكییه سیاسی و داراییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، ژماره‌ی گه‌شتیاران له باشترین دۆخدا له ساڵی ٢٠١٣ بووه، كه ئه‌وكات ژماره‌ی گه‌شتیاران ته‌نیا سێ ملیۆن گه‌شتیار بوو.