هەزاران هاووڵاتی کورد لە کەرکووک لە دەنگدان بێبەش کران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ناوچە کوردستانییەکان لە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەراندا لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکی ئەو ناوچانە دەیانەوێت کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن و بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەو ھەموو ڕێگری و فشارانەی ھەبوون لیستی ١٩٧ی پارتی لەزۆربەی قەزا و ناحیەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لیستی یەکەم بوو و بەڕێژەیەکی زۆر لە پێشەوەی لیستەکانی تر بوو.

ھەڵبژاردن لەناوچە کوردستانیەکان دەرفەتێک بوو بۆ سەلماندنی ناسنامەی کوردیی ئەو ناوچانە. سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەخشەی سیاسی و ئیدارەی ناوچە کوردستانییەکان لە شنگال تاوەکو خانەقین دەگۆڕێت و کورد نەخشەی دزراوی خۆی بەدەست دەھێنێتەوە.
ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق تایبەتکراوە بەچارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، کە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین. بەگوێرەی ماددەکە، بە سێ قۆناخ کێشەی ئەو ناوچانە چارە دەکرێت، کە بریتین لە: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، گشتپرسی کە تاوەکو مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٠٧ تێپەڕنەکات، جگە لە بەشێک لە قۆناخی یەکەم نەبێت، ھیچ ھەنگاوێکی دیکەی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە.
بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لە ماوەکانی ڕابردوودا بەشێکیان لە خزمەتی چڕکردنەوەی تەعریبدا بوون، لەوانە بڕیارەکانی پەیوەست بە زەوی و زار و ئەو بڕیارانەی دژ بە جووتیارانی کورد دراون، کە خاوەنی فەرمی و دێرینی زەوییەکانیانن.

لە مەخموور پارتی یەکەم بوو
یەحیا پاڵانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەخموور، دەڵێت: لە مەخموور لیستی پارتی دەنگی یەکەمی بەدەستھێنا، سوپاسی برا عەرەبەکانیش دەکەین کە دەنگی زۆریان پێداوین.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەخموور، گوتیشی: پارتی لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا لە مەخموور، یەکەمی بێ ڕکابەر بووە، لە ھەموو ئەو گوندە عەرەبنشین و کوردنشینانەی سندووق ھەبووە، ئێمە یەکەم بووینە لە سنووری قەزای مەخموور خزمەتێکی زۆری برا عەرەبەکانمان کردووە، ئەوانیش نیشانیاندا کە مەخموور کوردییە و پەنا بەخوا دەگەڕێتەوە سەر پارێزگای ھەولێر.
یەحیا پاڵانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەخموور، ئاشکراشی کرد: ڕێنمایی سەرۆک بارزانییە کە ھەمیشە ڕێنمایی ئەوەمان دەکات برایەتی و پێکەوەژیان لە مەخموور و ناوچەکە بپارێزرێت.

پارتی لە نەینەوا زۆرترین کورسی بەدەست ھێناوە
نەوزاد ھادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای نەینەوا ھەمان ئەو گرفتە تەکنیکیانە ھەبوون کە لە ناوچەکانی دیکە بەدیکران، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پارتی لە نەینەوا لیستی یەکەم بووە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا لە یەکەم ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تاکو ئێستە بەردەوام خاوەنی پێگەی بەھێز بووە.
نەوزاد ھادی، ئەوەشی ڕوونکردەوە: لە سنووری پارێزگای نەینەوا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو مەزھەب و تایفە و نەتەوەی جیاوازی لەخۆگرتبوو.
ئەگەر لیستە کوردییە براوەکان لە کەرکووک یەک نەگرن ناتوانین پۆستی پارێزگار بەدەست بھێنین
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، ڕایدەگەیەنێت، پارتی ھەمیشە لەگەڵ تەوافوق بووە، ئەگەر لیستە کوردییە براوەکان لە کەرکووک یەک نەگرن، ناتوانین پۆستی پارێزگار بەدەست بھێنین.
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، گوتیشی: لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق ھەڵەیەکی گەورە کراوە، کە بەھۆیەوە تووشی ئەو تەنگژەی ئێستە بووینەتەوە، ئەویش پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکانە و گوتی: ئەگەر ئەو ناوچانە ماڵی کورد بوون، بۆچی خستمانە سەوداوە، گوتیشی: ماددەی ١٤٠ ھەر لە بنەڕەتدا ھەڵەیە.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، دەشڵێ: پارتی پێخۆش بوو یەک لیست بێت، بەڵام بەبێ مەرجی پێشوەختە، لیستە کوردییەکانی کەرکووک ئەوانەی کورسی دەبەنەوە، پێویستە یەکبگرن، ئەگەر وا نەکرێ ناتوانین پۆستی پارێزگار بەدەست بھێنین.
عارف ڕوشدی، زیاتر دەڵێت: لەبەرامبەر دوانەخستنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، سووتاندنی دەنگی کورد پەیڕەو کرا، ئەوە گرفتێکی سیاسییە بۆ خەڵکی کوردستان دروستکرا، چونکە دەیانزانی ئەگەر ھەڵبژاردن وەک خۆی کرابایە، سەرباری تەعریب و دوورخستنەوە، ڕێژەی کورد زۆرتر دەبوو.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، دووپاتی کردەوە: کە پارتی لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە لە کەرکووک بێ ویستی خۆی دوورخرایەوە، بۆیە ئەگەر بێت ئەو شەش ساڵە پارتی لەو شارە بوونی ھەبوایە، ئەو ڕووداوانەی ھاوشێوەی تەعریب و ئازاردانی جووتیاران و عەسکەرتارییەت ڕووی نەئەدا و ھەڵوێستی کورد بەھێزتر دەبوو.

کورد نەخشەی سیاسی و ئیداری دەگۆڕیت
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکان باش کرا، کە ھەر چەندە ھەندێک کێشە و گرفتی تەکنیکیش لە ئارادا بوو.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە بەشداری بەرفراوانی کورد لە شنگال تا خانەقین و ناوچەکانی دیکە نەخشەی ئیدارەی خۆجێیی دەگۆڕێت و نەخشەی دزراوی خۆی دەدۆزێتەوە و بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە. جەختیشیکردەوە کە کورد لەو ناوچانە حکوومەتی خۆجێی پێکدەھێنێت و بەشداری ھەموو پێکھاتەکانی دیکەش دەکات.
فەھمی بورھان، ئاماژەی بەوەش کردک بەپێی ئاماژە بەردەستەکان کورد جارێکی دیکە پێگەی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە و ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەسەریدا سەپێنرابوو، جارێکی دیکە بەھۆی بەدەستھێنانی دەنگەکانییەوە دەبێتەوە بەشێکی کاریگەر لە پێکھێنانی ئیدارە خۆجێییەکان.

شنگالیەکان دەست لە پارتی بەرنادەن
پارتی لە شنگال دەنگی یەکەمی ھێناوە، لە سنووری شنگال زیاتر لە ٧٠%ی دەنگەکان دراونەتە بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەوەش لەگەڵ ھیچ لیستێکی دیکە بەراورد ناکرێت و لە پێشەوەی لایەنەکانی دیکەوەیە. لەناو ئاوارەکانیشدا ھەر پارتی یەکەم بووە. ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، دەڵێت: سەرەڕای ئەو ھەموو ڕێگری و فشارانەی ھەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا لیستی پارتی لە سنووری شنگال بە پلەی یەکەم دێت و خەڵکی شنگال جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە دڵسۆز و وەفادارن بۆ پارتی و بارزانی، چونکە سەرەڕای ڕەوشی نا ئاسایی شنگال ھێشتا شنگالییەکان ئامادە نین دەست لە پارتی بەردەن.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، ئاماژەی بە دۆخی شنگال دا، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە نەبووایە، ئەوا ڕێژەی بەشداریکردن و دەنگی پارتی زیاتر دەبوو.

ھەواڵی زیاتر