لە چوارچێوەی گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستى ئاوەدانی لەسنوورى پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 2023.12.19، لە ژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا بەگوژمەى (295 ملیۆن دینار) لەسەر داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردن و قیڕتاوکردن و کۆنکرێتکردنى چەند شەقامێک لە گەڕەکەکانى (تووڕەق و مامزاوە) دانرا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێدەکرێت.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە مەسعود، کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرى شارەوانى شەش و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لە بارەى دروستکردنى هەردوو پڕۆژەکە ڕایگەیاند: “دروستکردنى ئەم دوو پڕۆژەیە جگه لهوهى خزمەتێکى دیکەیە پێشکەش بە هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیەى دەکەین کە شایستەى خزمەتکردنى زیاترن، ئاسانکاری زۆریش دەکات بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان، هیوادارین بەگوێرەى ئەو پلانەى کە دارێژراوە هەردوو پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکارەوە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بەکۆتا بێت”.
جێگەى باسە:
پڕۆژەى دروستكردن و قیڕتاوکردن و کۆنکرێتکردنى چەند شەقامێک لە گەڕەکەکانى (تووڕەق و مامزاوە)، کە بە گوژمەى (295 ملیۆن دینار) لە سەرداهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەست بەجێبەجێکردنى کراوە و پێکهاتووە لە:
- دروستكردن و قيڕتاوكردن و کۆنکرێتکردنی چەند شەقاميك له (گەڕەکى تووڕەق) بە گوژمەی (210 ملیۆن دینار) کە بڕی کۆنکرێت (2000م2) و بڕی قیڕ (4000م2)
- پرۆژەی دروستکردن وکۆنکرێت کردنی (٣) کۆڵان لە (گەڕەکى مامزاوە) بە گوژمەی(85 ملیۆن دینار) کە بری کۆنکرێتەکەى بریتیە لە (3000م2).