پاركی مینۆمێنتی ئەنفالكراوان لە ڕواندز لەلایەن خەڵکەوە وێران کراوە

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

پاركی مینۆمێنتی ئەنفالكراوان، وەك بیر هێنانەوە و وەفایەك بۆ گیانی ١٣ ئەنفالكراوەكەی ڕاپەڕینی ١٩٨٧ ی ڕواندز، لە ساڵی ٢٠١١ دروستكراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو پاركە وێران بووە و سەرۆكی شارەوانی ڕواندز دەڵێ “لەپێناو پاراستنی، بیرمان لەوە كردووەتەوە بەشێك لە پاركەكە بە كرێ بدەین بۆ دانانی كۆشكی گەشتیاری،”پاركی مینۆمێنتی ئەنفالكراوان، لە گەڕەكی شەهیدانی قەزای ڕواندز دروستكراوە و هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكەش باس لەوە دەكەن پاركەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و خزمەتكردنی زیاتر هەیە.

چیای محەممەد، سەرۆكی شارەوانی ڕواندز دەربارەی پاركی مینۆمێنتی ئەنفالكراوان دەڵێ: چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا سەردانی پاركەكەمان كرد و پاكمان كردەوە و هەڵپاچینمان بۆ دارەكان كردووە، بەڵام بەداخەوە خەڵكی ئێمە شت ناپارێزن و پاركەكە بە تەواوی وێرانكراوە، پێ دەچێت منداڵ و گەنجی گەڕەكەكە وایان لێ كردبێت، ئەگەرنا خۆ خەڵكانێك لە دەرەوەی ئەو هەسارە نەهاتوون تا بەو شێوەیە تێكی بدەن.
زیاتر ئاماژەی پێدا و گوتی: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوژمێكی بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دیناری تەرخان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی باخچە و پاركەكانی ڕواندز، بەڵام بە هۆی نەبوونی پارە دەستكاری هیچیان نەكرا، تەنیا توانیمان وەك دەستپێكی كارەكە هەندێك دەستكاری باخی گشتی شار بكەین، بۆیە هەر كاتێك پارەی نۆژەنكردنەوەی باخچە و پاركەكان تەرخان بكرێت، ئەو پاركەكەش نۆژەن دەكرێتەوە، ئەگەر نەشكرا ساڵی داهاتوو ئەگەر لەسەر میزانیەی خۆشمان بێت مانگانە شتێكی بۆ تەرخان دەكەین تا بتوانین سیمایەكی جوانتری پێ ببەخشین بۆ ئەوەی خەڵك سەردانی بكات و پشووەكانی تێدا بباتە سەر. بڕیارمانداوە شوێنێك لە پاركەكە بە كرێ بدەین بۆ دانانی كۆشكێكی گەشتیاری. وەك شارەوانی بەرنامەیەكمان هەیە، هەر باخچە و پاركێك نۆژەن بكەینەوە، شوێنێكی لێ بە كرێ دەدەین بۆ كۆشكی گەشتیاری، تا پارێزگاری لە پاركەكان بكەین و هەمیش داهاتێك بۆ حكومەت زیاد بكەین، بۆیە بیرمان لە بە كرێ دانی چەند شوێنێكی ئەو پاركەكەش كردووەتەوە تا چەند كاسبكارێك بتوانێت لەوێ چا و پێداویستییەكانی سەردانیكرانی پاركەكە دابین بكەن و لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاری لە پاركە بكەن و بەردەوامیش پاكی بكەنەوە.

ھەواڵی زیاتر