کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی سۆران تەواو بووە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنی بیناکەی سۆران کۆتایی ھاتووە و ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراوە تا ئەوانیش لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن. دەشڵی: ئەمساڵ ھیچ مەراسیم و ئاھەنگێکی سەری ساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناکرێت.

شەوی ھەینی ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و ھاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، چوار دە کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. دوای ڕووداوەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ڕووداوەکە پێکھێنرا.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگر کەوتنی بیناکەی سۆران کۆتایی ھاتووە و ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ کراوە تا ئەوانیش لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکراشی کرد: بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ڕۆژی ٨ / ١٢ / ٢٠٢٣، ھیچ مەراسیم و ئاھەنگێکی سەری ساڵ لە سۆران ناکرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر دەڵی: ھیچ خاوەن باڵەخانەیەک بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندی ئیدارە و لیژنەی قایمقامیەت ھیچ شوێنێک بەکرێ بداتە ھیچ ھاووڵاتییەک، تا لەڕووی سەلامەتی و مەرجەکانی بەرگری شارستانی دڵنیانەبیینەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشکرد: ھەموو ئەو باڵەخانانەش شوێنی نیشتەجێبوونن دەبێت دڵنیا بکرێتەوە لە نھۆمەکانی ژێرەوە بۆ چ بوارێک بەکاردێت، تاوەکو لە حاڵەتی ھیچ ڕووداوێک کاریگەری نەبێت، کە بەداخەوە لەو ڕووداوەی ڕوویدا، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکان ئەوەبووە کە لە ژێرەوەی کارگەیەکی دروستکردنی مۆبیلیاتی لێ بووە، کە بەپێی مەرجەکانی بەرگری شارستانی نابێت ئەو کارە لە شوێنێکی نیشتەجێبوون بێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاشیگەیاند، لە ئێستەدا ئەو تیمانەی دروستمان کردووە سەردانی ھەموو شوێنەکان دەکەن، ھەتا سەردانی بەشە ناوخۆییەکانی قوتابییانیش دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لە سەلامەتی شوێنەکە.

ھەواڵی زیاتر