حەفتا شوێن داخراون و سەد و حەفتا تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچووش لەنێو بردراوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێم، ڕایگەیاند: لە ڕێگەی لیجنەکانەوە، بەدواداچوون بۆ مۆڵ و نانەواخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی خۆراک و کۆگاکان دەکەن، دەشڵێ: لە ماوەی دە مانگی ساڵی ٢٠٢٣، بەدواداچوونمان بۆ زیاتر لە چوار ھەزار و ھەشت سەد شوێن کردووە لە بازاڕەکاندا، لەو بەدواداچوونانەش دوو ھەزار و حەوت سەد سەرپێچیان تۆمارکردووە و حەفتا شوێنیشیان داخستووە، ھەر شوێنێکیش نرخی کەلوپەل بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێم، ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی ئەو دە مانگەدا سێ سەد و سی ملیۆن دینار پێبژاردنی داراییان ھەبووە. لەگەڵ ئەوەش سەد و حەفتا تۆن خۆراکیی ماوە بەسەرچوویان لەناو بردووە، دووپاتی ئەوەش دەکاتەوە، بەراوردی نرخی بنەڕەتی کاڵاکان دەکەن لەگەڵ فرۆشتندا لە شوێنە بازرگانییەکان، لە کاتی بەرزی نرخدا شوێنەکە سزا دەدرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەکان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراکییەکان و کۆگاکان بەدواداچوونی بەردەوامی ھەیە، خواردن و کاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی ھەڵگرتنی کاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بەپێی ڕێنماییەکان سزای لەسەرە.
نەوزاد شێخ کامیل، لەبارەی سزاکانەوە، ئاشکراشی کرد: لە دە مانگی ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە چوار ھەزار و ھەشت سەد بەدواداچوون بۆ بازاڕەکان کراون، دوو ھەزار و حەوت سەد سەرپێچی، حەفتا داخستن، سێ سەد و سی ملیۆن دینار پێبژاردنی دارایی ھەبووە، زیاتر لە سەد و حەفتا تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچووش لەناوبراون.
لەبارەی لێپێچینەوە لەسەر نرخی کاڵا، ناوبراو گوتی: سەیری مەنەفێستی نرخی بنەڕەتیی کاڵاکانی شوێنە بازرگانییەکە دەکەین و بەراوردی نرخی فرۆشتنەکەی دەکەین، گەر زۆر زیاد بوو خاوەنکار سزا دەدرێت، چونکە نرخ چوارچێوە و سنووری خۆی ھەیە، ئابووریی بازاڕ واتا ئازادی لە دیاریکردنی نرخ، بەڵام بەواتای ئازادی نییە لە زۆر بەرزکردنەوەی نرخدا.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ھاوکاریی ھاووڵاتییانەوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر گوتی: ھاووڵاتییان لەبارەی زۆریی نرخ و خراپیی کاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر ھاوکارن لە ئاگادارکردنەوەی لیجنەکانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە ھیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیجنەکانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بکەنەوە.

ھەواڵی زیاتر