سۆکرات لە شانۆنامەیەکی ڤۆڵتێردا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک لە دەقێکی ئەدەبیدا ژیانی کەسایەتییەکی مێژوویی، یان فەیلەسوف و بیرمەندێک دەگێڕدرێتەوە، هەمیشە ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات ئایا ئەوە کەسایەتییە، ڕاستەقینەکەیە؟ یان کەسایەتییەکی نوێیە و لە هزری نووسەرەوە جارێکی دیکە ئامادەکراوەتەوە، بەڵام بە هەندێک تایبەتمەندییە ڕاستەقینەوە.

نووسەران و ڕۆماننووسان بۆچوونی جیاجیایان لەبارەی ئەمەوە هەیە و هەریەکەیان بەشێوەیەک کار لەو کەسایەتییانەدا دەکات و زۆرجاریش ئەو دەقە ئەدەبییانە دەروازەیەکی گرنگن بۆ ناسینی ئەو کەسایەتی و فیگرە گرنگانەی نێو مێژووی هزر و بیرکردنەوە. لای من (ئەگەر کەسایەتییەکە بۆم من جێگەی بایەخ بێت) ئەو ڕۆمان و دەقە ئەدەبیانەی لەسەر کەسایەتییەکن گەلێک چێژبەخشن و هەرگیز بیر لەوەش ناکەمەوە ئەمە چەندی کەسایەتییە ڕاستەقینەکەیە و چەندی کەسایەتییەکی نوێ هزری نووسەرە. بەڵکو زۆرجار لای من پێوەرەکە ئەدەبییە و سەرنج دەخەمە سەر ئەوەی ئایا لەبەردەم دەقێکی ئەدەبیدام یان شتی دیکە؟
سۆکرات، یەکێکە لەو فیگۆرە سەرنجڕاکێشانەی کە ژیان و مردنەکەی ڕەنگدانەوەی لە گەلێک کتێب و دەقی ئەدەبیدا هەیە. ئەو نموونەی ئەو کەسانەیە کە هەم یاخییە، هەم لێبوردە. هەم وشیارە، هەم جۆرێک لە خۆگێلکردنی تێدایە، کە دەکرێ بە (خۆگێلکردنی مەعریفی) ناوی بەرین. ئەمانە و دەیان تایبەتمەندی دیکە لە ژیانی ئەم کەسایەتییەدا بەرجەستە بوو، ئەمە بێجگە لەوەی هزرەکانی (کە لە ڕێی ئەفلاتۆنەوە پێمانگەیشتووە) تا هەنووکەش جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوەی جۆراوجۆرن.
یەکێک لەو کتێبانەی لە هەفتەی پێشوودا خوێندنەوە و جێگەی سەرنجم بوو شانۆنامەیەکی نووسەر و فەیلەسوفی ڕۆشنگەر “ڤۆڵتێر” بوو بەناونیشانی “سۆکرات”. شانۆنامەکە لە وەرگێڕانی ئاوات ئەحمەد سوڵتانە و لە دوتوێی 80 لاپەڕەدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاویکردووەتەوە.
ئەوەی لەم شانۆییەدا سەرنجڕاکێشە (وەک وەرگێڕیش ئاماژەی بۆ کردووە) ئەوەیە کە ئەو سۆکراتەی لێرەدا ئامادەیی هەیە ئەو سۆکراتە نییە، کە لە دیالۆگەکانی ئەفلاتۆنەوە پێی ئاشناین، یان ئەو سۆکراتە مێژووییە نییە، کە ئێمە وەکو خوێنەر دەیناسین. لەم دەقەوە “ڤۆڵتێر” ویستوویەتی سۆکراتێکی نوێ ئامادە بکاتەوە و بیهێنێتە سەردەمی ڕۆشنگەریی، هەڵبەت سۆکراتی نێو دەقە شانۆییەکە تەواو داماڵڕاو نییە لە سۆکراتەکەی ئەفلاتۆن، بەڵام نووسەر هەوڵی ئەوەی داوە تایبەتمەندی نوێ پێ بدات، ئەمە بێجگە لەوەی شادیمەنی ژیانی سۆکراتی دەستکاریی کردووە، کە دیمەنی ژەهرخواردنەکەیەتی و لەوێدا لەبری ئەو کەسایەتییە ناسراوانەی ئەفلاتۆن باسی دەکات کە بەشداری ڕێوڕەسمەکەبوون کۆمەڵێک قوتابی گەنجی بێناو ئامادەن، کە دەشێ ئەمە دەلالەتی نوێی نووسەر خۆی بێت.
یەکێک لەو دەلالەتانەی دەشێ نووسەر پەنای بۆ بردبێت ئەوە بێت، کە هیزی گەنج پیشان بدات و لەژێر ناوێکی تایبەتی سەردەمێکدا قەتیسی نەکات، بۆیە ئەگەر ئەو شانۆییە ئێستا ئامادە بکرێتەوە دەشێ ناوێکی نوێ لەبری ئەو قوتابییە نوێیانە دابنرێت، یان ڕۆڵیان زیاتر و کاریگەرتر بکرێت. لێرەوە دەشێ بپەڕینەوە بۆ ئەوەی کە ڤۆڵتێر لە هەموو بەرهەمەکانیدا هەوڵی ئەوەی داوە، کە پەیامێکی ڕۆشنگەران بڵاوبکاتەوە و ئاماژەدان بە ڕۆڵی فێرخوازی گەنج و ئومێد هەڵچنین وەکو نەوەیەکی ناڕازی لە دەسەڵاتی ئایین، یەکێک بێت لە پایەکانی رۆشنگەریی هەموو سەردەمێک.
لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی خرایەڕوو دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەو سۆکراتەی لای ڤۆڵتێر هەیە، سۆکراتێکی نوێیە کە بە تایبەتمەندی نوێوە، نەک هەمان سۆکراتی کۆپی ئەفلاتۆن بێت. هەر لێرەوەیە بایەخی دەقی ئەدەبی دەردەکەوێت، بەو پێیەی نووسەر و رۆمانووس مێژوونووس نییە، بەڵکو ئەو مێژووخولقێنە.

ھەواڵی زیاتر