ئەو حیكمەتەی “خانی”یسەرسام كردبوو!

                                                      عومەر چنگیانی

ئەحمەدی خانی (1706 ـ 1650)، نووسەر و شاعیر و مێژووناس و ئەدیبی گەورەی كورد، لە شیعرێكیدا، دەفەرمێت:
ئەزمامە د حكمەتا خودێدا
كرمانج د دەولەتا دنێدا
ئایا ب چ وەجهێ مانە مەحرووم
بالجوملە ژبوو چ بوونە مەحكووم؟
واتە: “من سەرسام ماوم، لەو حیكمەتەی خوا و تێی ناگەم، ئایا، بۆچی لەنێو ئەو هەموو نەتەوە و ڕەگەز و وڵاتەی دونیادا، بە تەنیا هەر نەتەوەی كورد، بێ‌كیان ماون و هەر بندەستن؟”
لەگەڵ ئەوەی كە بۆ خۆیشی، ئاماژە بە هەندێك هۆكاری سەرەكی دەكات، وەك نەبوونی یەكگرتوویی و كۆنەبوونەوە لە دەوری كەسایەتییەكی بەهێز و توانا و دەست‌ودەم‌پاك، ماوەیەكی زۆرە، هەریەكێكمان، لەگەڵ بەستنی هەر سیمینار و گوتار و نووسین و چاوپێكەوتنێكدا، بۆ وەڵامی سەرسامییەکەی ئەو ‘خانی’ـیە ڕەحمەتییە، گوتوومانە و دەڵێین:
“قوربان سەرسامیی ناوێت و تێنەگەیشتن لە حیكمەتی خوای نەگەرەكە و نەحەوجەی چ هزرایشە!
وێڕای ئەوەی جەنابتان دەیفەرموون، هۆكار ئەوەیە، كو ئێمە، هەردەم، ل بن دەستی عەرەب و فارس و تورك، ناڵاندوومانە و ئەوانن كە هیچ كاتێ نەیانهێشتووە بکەوینە سەر پێی خۆمان و دڵسافییەکە ئێمە و فرەزانییەکەی دژمنەكان، لێمان بووەتە کۆسپ و لێ ناگەڕێ دەرباز ببین لە بندەستێتی! “.
جارێ، هەر لە سەرەتاوە با بڵێین:
خۆی لە خۆیدا، لە بەر نەبوونی كورد بەدەوڵەت، ئەم ئاهی حەسرەت و ئاخنگ هەڵكێشانە، لە لایەن مەلایەكی ڕیشپانی، مێزەرەبەسەری كەواشۆڕی ناو مزگەوتێكی كوردستانەوە، بەتایبەت لە بەشی باكووری كە هەردەم و لەوكاتانەیشدا، بە ناوی ئایینەوە خاپێندراون، ئەویش چی، سێسەدوبیست ساڵ لەمەوبەر زیاتریش، جێگەی دەستخۆشی و دەمخۆشییە و مانای خۆی هەیە كە من لێرەوە دەپرسم: بڵێی:
ئەو حیكمەتە، ئەوە بێت كە ئێمە پاساومان بۆ هێناوەتەوە و وەڵاممان داوەتەوە، یاخود دەردەكە، لە خودی خۆمانە و پێوەندیی بە داڕشتەی كەسایەتییەکەمانەوە هەیە؟! كە زۆربەمان لەو جۆرانەین كە ناتوانین، ئەگەر دەربازیش ببین لە دەست دژمن و نەیارەكانمان، پێمان ناکرێ ڕێگەی ئیخلاس هەتا سەر بڕۆین و نەیدۆڕێنین!
بە دیتنی كورسی و دەسەڵات، خۆ لە کیس نەدەین!
وا بزانم مەگەر بە دەگمەن، ئەگین ئێوەیش هەمووتان ئەم قسەیەمتان پێ ڕاستە؛ ئاخر، ئەوە بیستوپێنج ساڵ زیاتریشە، ئێمە لەم بەشەی كوردستاندا، خاوەنی خۆمانین، كەچی بە بەراورد لەگەڵ چاوەڕوانكراودا، بۆ خۆمان بەچاوی خۆمان دەبینین، چەنێ لە دواوەین؟
هەرچۆنێک بێ، پێم خۆشە هەندێك لە بنەما سەرەكییەكانی دەسەڵاتی سەركەوتوو لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بێنمەوە بیر و پێش چاو.
بە گوێری دین، وەرگرتنی دەسەڵات و باش بەڕێوەبردنی، لە ڕوانگەی ئایینییەوە، هەشت كۆڵەكەی سەرەكیی پێویستە و دەبێ، لەو كەس، یان لایەنەدا، بێنە جێ، بۆ ئەوەی سەر بكەوێ و بەردەوام بێ؛ چواریان، پێوەندییان بە كاروباری دەسەڵاتەكەوە هەیە و چواریشیان پێوەندییان بە لایەنی ڕۆحییەوە هەیە.
جا ئەو چوارەیان وا پێوەندییان بە دەسەڵات‌بەڕێوەبردنەكەوە هەیە ئەمانەن:
1:. پاراستنی ماڵ و دەسەڵات.
2: دەسەڵاتخوا، زانستی بە كارەكاندا بشکێت و لێی بزانێت.
3: هێزی پارێزگاری لە دەسەڵات.
4: دەستپاكی.
دیارە ئەم چوار خاڵە لە چەند دەقێكی قورئانەوە وەرگیراون، وەك ئەو بەسەهاتانەی خوای گەورە، لە قورئاندا، باسی کردوونە؛ لە داستانی سلێماندا (د.خ) دەدوێت، لە ئایەتی 38 و ٣٩ و 40ـی سوورەتی نەملدا، لە زاری سلێمانەوە، دەفەرمێت: “ڕاوێژدەرینە! دارودەستە و نزیكینە! كێتان لە بەری دەڕوا و دەسەڵاتی بەوە دەشكێت، بەرلەوەی بڵقەیس بگاتە لام و بەرلەوەی بە موسڵمانەتی بێنە لام، تەختەكەیم بۆ بێنێ؟ * جنۆكە زلەیەک بە خۆبادانێكەوە بەهێز و بازوویەوە، گگوتی: هێشتا لەم کۆبوونەوەیە نەبوویتەتەوە من تەختەکەم هێناوەتە ئێرە! ئاخر هەم توانا و بەهێزم، هەم دەسپاك.* بەڵام، پیاوێکی زانیار، گگوتی: قوربان! بۆ منی لێ گەڕێن؛ بە چاوترووکانێک، دەیهێنم! “.
لە بەسەرهاتی یووسفیشدا، لە ئایەتی 55ی سوورەتی یووسفدا كە باس لەودەمانە دەكات كە عەزیزی میسر یووسف (د.خ) بانگ دەكاتە لای خۆی، داوای لێ دەكات بیكاتە بەرپرسی دارایی و پێی دەڵێ: “بمكەرە بەرپرسی دارایی؛ ئاخر من هەم دەیپارێزم، هەم لێی دەزانم”.
دووەم/ ئەو چوارەشیان وا پێوەندییان بە لایەنی ڕۆحییەوە هەیە، ئەمانەن:
1ـ نوێژكردن.
٢ـ زەكاتدان.
٣ـ فەرمان بە چاكە و ٤ـ پرینگاندنەوە لە خراپە.
خوای گەوەرە، لە ئایەتی 41ـی سوورەتی حەجدا، دەفەرمێت:
“ئەوانەی وا دەسەڵاتی زەویمان داوەتە دەستیانەوە، نوێژی خۆیان دەكەن و زەكاتی خۆیان دەدەن و بایەخ بە هەردووکیان دەدەن؛ خەڵک هان دەدەن بە چاکە و لە خراپەیش دەیانپرینگێننەوە. باقییەکەیشی ها بە دەست خوا خۆیەوە.”
تێبینی: بەر لە حەوت سال و هەشت مانگ و چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، لە ژمارە 2348 لاپەڕە 8 سێ شەممە 12 ی نیسانی 2016ی ڕۆژنامەی هەولێر، ئەم بابەتەم بڵاوکردۆتەوە).

ھەواڵی زیاتر