دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەولێر هیچ ئاهەنگێک بۆ جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵ ئەنجام نادات

بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دوو شەممە ( 18-ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ قایمقامەکانی ناوەند و عەنکاوە و نەریوەبەرایەتیە گشتیەکانی گەشتوگوزار و تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ و زێرەڤانی کۆبوەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کارەساتی قەزای حەمدانییە و ئاگر کەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران کە تێیاندا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، بۆ رێزگرتن لە گیانی ئەو قوربانیانە و هەستی خانەوادەکانیان، پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی فەرمی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ ئەنجام نادات، بەڵام هاووڵاتیان ئازادن لەوەی لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئاهەنگ ساز بکەن.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بۆ رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو و نا یاسایی، ئەرکیان بەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی، پۆلیسی فریاکەوتن و چاڵاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و تیمە تەندروستییەکان دابەشکردووە، دووپاتیشی کردووە کە پێویستە ئاسانکاری لە دەروازەکان پێشکەشی ئەو گەشتیارانە بکرێت کە بۆ شەوی سەری ساڵ دێنە هەولێر.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە رێگری لەوانە دەکرێت کە نیازیان هەبێت لە دەرفەتی پشووی سەر ساڵ بیکەنە سەر موڵکی گشتی و زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەردا بکەن