ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 12/18 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری کوەیت، بەشداریی لە پرسەی میری کۆچکردووی کوەیت شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح.
سەرۆکی حکومەت، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی و هەرێمی کوردستانی بە شێخ مەشعەل ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری دەوڵەتی کوەیت و بنەماڵەی ئەلسەباح گەیاند و هیوای خواست خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی دەوڵەتی کوەیت بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12/18 سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، بەرەو کوەیت بەڕێکەوت بۆ بەشداری لە پرسەی شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح.
سهردانهكهی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی بۆ كوهیت و گهیاندنی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی و هەرێمی کوردستانی بە شێخ مەشعەل ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری دەوڵەتی کوەیت و بنەماڵەی ئەلسەباح ، بووه جێی بایهخی میدیای فهرمی كوهیت ناسراو به (كونا).
رۆژی شەممە 16/12/2023، نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری کوەیت، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەیەوە سێ رۆژ پشوو لە سەرتاسەری وڵاتەکە و 40 رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا.
شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، لەدایکبووی 25ـی حوزەیرانی 1937ـە، لە 29ـی ئەیلوولی 2020ـەوە وەک میری کوەیت دەستبەکاربووە، کوڕی شەشەمی شێخ ئەحمەد جابر ئەلسەباح، حاکمی پێشووی کوەیت بوو.
شێخ نەواف سێیەم وەزیری ناوخۆ و چوارەم وەزیری بەرگرییە لە مێژووی کوێتدا، درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆی هەیە لە دوای شێخ سەعد عەبدوڵڵا ئەلسالم ئەلسەباح، بەو پێیەی کە لە ساڵی 1976 تاوەکو 1986 ئەوپۆستەی بەڕێوەبردووە، کە لەو ماوەیەدا کوەیت بەهۆی چەندین کردەوەی دوژمنکارانە هەڕەشەی لێکراوە، هەروەها سەرۆکایەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە یەکەمین حکومەتی دوای ئازادکردنی کوەیت.
دوای چهند كاتژمێرێك لە کۆچی دوایی میری وڵاتهكه، شێخ مشعهل ئهلئهحمهد ئهلجابر ئهلسهباح، وهك میری نوێی كوهیت دیاریكرا.