ئەمڕۆ دووشەممە 2023.12.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و تریفە نەجات، بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى تەواوبوونى کارەکانى پڕۆژەکانى نۆژەنکردنەوەى “بازاڕی قەیسەری، ڕێرەوى نابینایان، هێلکارى شوێنى تایبەتى خاوەن پێداویستی تایبەت”ى لەنێو سەنتەرى شار بەسەرکردەوە.
سەرەتا، پارێزگارى هەولێر سەردانی نێو بازاڕى قەیسەرى، کە یەكێكە لە كۆنترین بازاڕەكانی شاری هەولێر و مێژوویەكی گرنگی شارەكە و بەشێكی گرنگی ڕابردووی پایتەختى هەرێمى کوردستان پێك دەهێنێت کرد و لە نزیکەوە لە وردەکارى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکەى کۆڵییەوە، کە لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بە گوژمەى (1 ملیار و 125 ملیۆن دینار) تەواوى ڕووكاری ناوەوەى بازاڕەکە و كۆڵانە سەرەكی و كۆڵانە لاوەكییەكانى بەشێوە و شێوازێکى ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كولتوورییە جیهانییەكان لە رێی كەرپووچەوە رووپۆشکراوە، پاشان گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتییان و دوکانداران و کاسبکارانى نێو بازاڕەکە کرد و گوێی لە کەم و کوڕیی و پێداویستیەکانیان گرت.
پاشان پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى دیاریکردنى ڕێرەوى نابینایان و هێلکارى شوێنى تایبەتى خاوەن پێداویستی تایبەتی لە نێو سەنتەرى شار بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (240 ملیۆن دینار) لە سەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانى هەولێر، لە پێناو ئاسانکاریی بۆ هاتووچۆکردنی نابینایان و خاوەن پێداویستى تایبەت بە ئارامی و بەبێ گرفت لە شەقامە گشتییەکانی شار پڕۆژەکە لە (چواردەوری قەیسەری، چواردەووری نافوورەی شار، لە بازاڕی سیروان تاکو شێخ چۆلی و بەردەم پارێزگای هەولێر) ئەنجامدراوە، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى یەک و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: “وەکو پارێزگای هەولێر، بەهەموو شێوەک هەرچی لە بەرژەوەندی بازاڕ و کاسبکار و دوکاندار و هاوڵاتییانى شارەکەمان بێت و بتوانین جێبەجێبکەین بەدڵنیاییەوە درێغی ناکەین”.